PM:04:10:07/09/2021
7948 جار خوێندراوەتەوە
زۆرێک لە خەڵک هەمیشە پێیان وایە کە ئەو خێراییەی دیاریکراوە بۆ شەقامی مەلیک مەحمود ناسراو بە ٦٠یی کەمە و پێویستە زیاتر بکرێت، بەڵام ئەفسەرێکی هاتوچۆی سلێمانیش باس لە هۆکارەکەی دەکات.
بەختیار محەمەد بەڕێوەبەڕی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە بەڕێوبەڕایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەچاوپێکەوتنێکی رادیۆیدا دەڵێت، دەبێت شۆفێران تێبگەن کە پیادە و مرۆڤەکان مافییان هەیە لە پەڕینەوەدا و داواش لە شۆفێرەکان دەکات کە ئاگاداربن لەوەی کاتێک گێچی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەرو ٨٠ کیلۆمەترەوە و لە پیادەیەک دەدات ئەوا ئەگەرەکانی مردن ١٠٠ لە ١٠٠ دەبێت، ئیتر گرنگ نییە کەسەکە وەرزشوان، گەنج، پیر یان منداڵ.
ئەو ئەفسەرە دەڵێت، ئەوە یاسایەکە بۆ ئەو شوێنانەی ناوەندی شارن و شوێنی نییشتەجێبوونی خەڵک و قەرەباڵغین، نابێت خێرای یاسایی لە ئاستێکدا بێت کە ببێتە مەترسی بۆ رووداوی نەخوازراو.
جێگەی ئاماژەیە کە کاتێک دەوترێت شەقامی شەست مەتری مەبەست لێی پانی شەقامەکەیە نەوەک خێرایی رێگەپێدراو، هاوکات، لەسەر شەقامەکە و جگە لە شەقامی مەلیک مەحمود چەندین شەقامی دیکەش هەن کە بەوجۆرەن وەک شەقامی ٢٠ مەتری و ٤٠ مەتری و ١٠٠ مەتری خێرای ڕێگەپێدراو جیاوازە تێیاندا لەگەڵ ئەو ناوەی شەقامەکەی پێ دەناسرێتەوە.