سەردێڕ:

ئێران: دەسپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر وڵاتانی دیکە

PM:10:32:13/03/2023

3284 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە، کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا.


ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی لە دوای سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان تاران و ریاز دروست بووە، کاریگەری ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئەو پەیوەندییانەی تاران لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەیەتی بە ئوردنیشەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو رێککەوتنە دوای کۆمەڵە کۆبوونەوە و دیدارێک بەدەستهاتووە کە ساڵ و نیوێکی خایاندووە.

دەشڵێت، لەگەڵ سعودیەدا لە ماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەست بە چالاکی کونسوڵگەریی دەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، لە ماوەیەکی نزیکدا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات کۆدەبنەوە و رێککەوتنەکەی تاران و ریازیش رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر کێشەی یەمەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بابەتی یەمەن و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەو وڵاتە، هەمیشە کاری لە پێشینەی ئێران بووە. ئەو کەشوهەوا نوێیە ئەرێنییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دروست بووە، دەرەنجامی ئەرێنیی و باشی دەبێت لە بابەتی یەمەندا.

دەشڵێت، ئێران باوەڕی وایە کە جەنگ لە یەمەن چارەسەر نییە، بەڵکو زیان بە یەمەن و سعودیە و هەموو ناوچەکەش دەگەیەنێت.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی ئاشکراکرد، وڵاتەکەی بەشداریدەکات لەو لووتکەیەی رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئادار لەنێوان تورکیا و سوریا و روسیا لە مۆسکۆی پایتەتخی رووسیا بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٣ عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودیە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیندراوەکە، ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر داوای شی جین پینگ سەرۆکی چین بووە و پاڵپشتی لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و خواستی هەردوو وڵاتی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان کردووە.

هەر ئەمڕۆش، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و ئێران بەمانای کۆتاییهاتنی سەرجەم گرفت و جیاوازییەکانی نێوانیان نایەت.

کـ - ئـ 













گەلەری