سەردێڕ:

ئێران: لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووین

PM:08:20:13/03/2023

12440 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. هاوکات، ئەمریکا دەڵێت، "لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران دوورە لە راستییەوە."


ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، لەم دواییانەدا هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک، ئەگەر کاروبارەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەڕێوەبچێت لە ماوەیەکی کورتدا پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجام دەدەن.

لەلایەنخۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لێدوانەکانی بەرپرسە ئێرانییەکان لە بارەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دوورە لە راستییەوە.

ئەگەر رێکەوتنی هەردوولا جێبەجێبکرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٣ دیلی ئەمریکی لە ئێران، ئەمریکا بڕی ١٠ ملیار دۆلاری دەسەتبەسەردا گیراوی ئێران دەگەڕێنێتەوە. ئەو وڵاتەش دەڵێت، پارەکە لە کاروباری مرۆییدا بەکاری دەهێنێت.

جێگای ئاماژەیە، ئەو پارەی ئێران کە ئەمریکا دەستیبەسەردا گرتووە لە بانکەکانی عێراق و ژاپۆن و کۆریایە.

لە ماوەی رابردوودا چاوگێکی ئاگادار ئاماژەی بەوەدا، کارگێریی سەرۆکایەتی ئەمریکا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکەن لەسەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و هەریەکە لە قەتەر و بەریتانیا نێوەندگیری ئەم پرۆسەیە دەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سیاماک نمازی کارگێڕ و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکی و ئێرانی و یەکێک لە دیلە ئەمریکییەکان لە زیندانەکانی ئێراندایە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی سیخوڕی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکی بەسەردا سەپێندراوە.

جگە لەویش، عیماد شەرقی کارگێڕ و خاوەن رەگەزنامەی ئێرانی و ئەمریکییە و بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٨ دەستگیرکرا لەوکاتەی لە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی تەکنەلۆژی کاری دەکرد و لە ئێستادا لە یەکێک لە زیندانەکانی ئێران دەسەتبەسەرە.

هاوکات، مراد تەهباز هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە و لە ئێران زیندانی کراوە.













گەلەری