وەزارەتى تەندروستى عێراق مشتومڕەکانى تایبەت بە غەرامەکردنى ئەوانەى ڤاکسینیان وەرنەگرتووە یەکلایى کردەوە و ئاماژەى بەوەش کرد ئەو کەسانەى ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە دەتوانن ڤاکسینى ئەنفلۆنزاش وەربگرن.
ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى وت "هیچ نییەتێکى وا لەلاى وەزارەتى تەندروستى نییە بۆ غەرامەکردنى ئەو کەسانەى کە ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرنەگرتووە".
وتیشى "شەپۆلى سێهەمى ڤایرۆسەکە رووى لە داکشان کردووە".
عەبدولئەمیر رونیکردەوە "کادرە پزیشکییەکان ڤاکسینێکى زۆریان
داوە بە فەرمانبەرانى فەرمانگە حکومییەکان و پرۆسەکەش هەر بەردەوامە".
لەبارەى وەرگرتنى ڤاکسینى ئەنفلۆنزاش لەلایەن ئەوانەى کە ڤاکسینى
کرۆنایان وەرگرتووە، بەڕێوبەرە گشتییەکەى وەزارەتى تەندروستى ئاماژەى بەوە کرد کە
دەکرێت ئەوانەى ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە لە وەرزى زستاندا ڤاکسینى ئەنفلۆنزا
وەربگرن.
رونیشیکردەوە "هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ڤاکسینى کۆرۆنا و
ئەنفلۆنزا بوونى نییە".
لێدوانەکە لەکاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە، وەزارەتى تەندروستى لە
راگەیەندراوێکدا ئاشکراى کرد لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ١٣١٧٩٩ کەس ڤاکسینى
کۆرۆنایان وەرگرتووە و بەوەش کۆى گشتى ئەوانەى ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە گەیشتە
٣٧٥٤١٧٤ کەس.