سەردێڕ:

لەسەر کەرکوک؛ ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا

AM:11:13:06/09/2021

5420 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی" ئەنجامدا و تاوتوێی پێشتهاتە ئەمنییه‌كانی پارێزگای کەرکوک کراوە لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگرتن لە رووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە.


بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کازمی رایگەیاندووە، "تواناکانی دوژمن لاوازە بەڵام خراپ ئیدارەدان و هەندێک جار کەمتەرخەمی لە کارەکانی فەرماندە سەربازییەکان دەبێتە هۆی ئەو جۆرە هێرشانە" و جەختی لە گرنگی گرتنەبەری رێکاری نوێ بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە كرده‌وه‌."

کازمی جەختی لە پێویستی کاراکردنی رۆڵی دەزگا هەواڵگرییه‌كان و هەنگاوەکانی هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییه‌كان بۆ رێگرییكردن لە دووبارەبوونەوەی ئه‌و جۆره‌ رووداوانه‌ کردووەتەوە.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندیی بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی كردووه‌ و بڕیاریشیداوە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی ئەنجامبدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "پارێزگای کەرکوک تایبەتمەندی فرە پێکهاتەی هەیە و کەسانێک هەن هەوڵی نانەوەی ئاشوب دەدەن بە تایبەت لە کاتێکدا کە وڵات بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێت."

لە چەند شەوی رابردوودا، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە پارێزگای کەرکووک و لە ئاکامدا ١٢ پۆلیس کوژران.













گەلەری