سەردێڕ:

ناسا پێشبینییەکی لەبارەی پێکدادانی زەوی و هەسارۆکەیەک ئاشکراکرد

PM:12:55:05/09/2021

37004 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ناسای ئەمریکی لە نوێترین پێشبینی خۆیدا جەختیکردەوە لە ئەگەری پێکدادانی هەسارۆکەی بینۆ و زەوی لە ٣٠٠ ساڵی داهاتوودا.


بەگوێرەی نوێترین پێشبیینەکان، لە هەزار و ٧٥٠ ئەگەردا، یەک ئەگەر هەیە بۆ پێکدادانی هەسارۆکەی بینۆ بە هەسارەی زەویدا، کە ئەمەش بەگوێرەی ناسا ئەگەرێکی بەرزە.

ئاژانسی ناسا لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە توانی هەسارۆکەی بینۆ بدۆزێتەوە و لەوکاتەوە سەرقاڵی چاودێریکردنی هەسارۆکەکەیە، تا ئێستاش هەسارۆکەکە بە مەترسیدارترین تەن دانراوە لە سیستمی خۆردا هەربۆیە ئاژانسەکە بەردەوام بە پێشبینییەکانی خۆیدا دەچێتەوە بە ئامانجی بەردەستخستینی زانیاری و داتای نوێ.

رۆژی هەینی ماڵپەڕی زانکۆی هارڤار پێشبینی و گریمانەی هەریەک لە مۆرگان ئۆسترن و لۆکاس بی جانسۆن مامۆستایانی یاریدەدەر لە ئاماردا بڵاوکردەوە، کە ئەگەری پێکدادانی زەوی و هەسارۆکەکەیان بە ئەگەری دەرچوونی شێر و خەت چواندووە کە لە ١١ ئەگەردا یەک ئەگەرییان راست دەردەچێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی زانکۆی هارڤارد، لەگەڵ گۆڕینی ئەگەرەکان بە شێوەیەکی کەم، رەنگە هەرگیز سیناریۆی فیلمی خەیاڵی زانستی "ئەرمەجیدون" روونەدات کە لە ساڵی ١٩٩٨ بڵاوکرایەوە تیایدا پاڵەوانی فیلمەکە و هاوکارەکانی ناچاربوون هەوڵبدەن ئەو هەسارۆکەیە بتەقێنەوە کە بە ئاراستەی زەوی هات و نزیکبوو لەوەی بەر زەوی بکەوێت.

ناسا پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک لە مانگی تشرینی دووەم بە ئامنجی دەستخستنی زانیاری لەبارەی ئەگەری بەرکەوتن و پێکدادانی کەشتییەکی بۆشایی ئاسمانی بە بەردێکی گەورە لە بۆشایی ئاسماندا تا بتوانێت رێرەوەکەی پێبگۆڕێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ١٢ی ئابی ئەمساڵدا، ئاژانسی ناسا رایگەیاند، هەسارۆکەی بینۆ لە ساڵی ٢١٣٥ بە ئەندازەی نیوەی دووری مانگ لە زەوییەوە لە هەسارەی زەوی نزیکدەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری پێکدادانی هەسارۆکەکە بەزەویدا ٠.٠٥٧٪ە.

کـ.ئـ













گەلەری