سەردێڕ:

جارێکی دیکە بومەلەرزە تورکیای هەژاند و لە سوریا و لوبنان هەستی پێکرا

PM:11:26:16/02/2023

43888 جار خوێندراوەتەوە

كەمێك پێش ئێستا بومەلەرزەیەك بەگوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری رێختەر سەنتەری توركیای هەژاند و لەلایەن بەشێك لە هاوڵاتیانی لوبنان و سوریاوە هەستی پێكرا.


دەستەی کارەساتە لە ناکاوەکانی تورکیا "ئاڤاد" بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەکی بە گوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری رێختەر شاری هەتای لە باشوری ئەو وڵاتە هەژاندووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەریەک لە سوریا و لوبنان هەست بە بومەلەرزەکە کراوە.

هاوکات، بەگوێرەی ئاژانسی بومەلەرزەزانی ئەوروپا، کاتژمێر ١٠ و ٥٧ خولەکی ئەمشەو بەقوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و بەدوری ٧٤ کیلۆمەتر لە باکوری شاری لاتاکیای سوریا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٤٠ هەزار کەسە و بەدوری ٢٩ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای باشوری رۆژئاوای شاری ئەنتاکیای تورکیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢١٠ هەزار کەسە، بومەلەرزەیەک روویدا.

تا ئێستا زەرەد و زیانی بومەلەرزەکە نەزانراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەشی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر چەندین ناوچەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای هەژاند و زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و پێشبینیدەکرێت دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئەو رووداوەدا تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە رزگارکردنی هاوڵاتیان.


 













گەلەری