سەردێڕ:

ئێف بی ئای؛ شکستپێهێنانی ‌هێرشێک ئاشکرادەکات

AM:09:13:05/09/2021

4232 جار خوێندراوەتەوە

ئەفسەرێکی پێشووی نوسینگەی لێکۆڵینەوەکانی فیدڕاڵی ئەمریکی رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر لە ساتەکانی جێبەجێکردنیدا، شکستیان بە ئەنجامدانی پلانێکی قاعیدە هێناوە لە ئیسرائیل.


عەلی سوفان ئەفسەری پێشووی ئێف بی ئای ئەمریکی بە رەگەز لوبنانی و یەکێک لە بەرپرسەکانی چاودێریکردنی چالاکییەکانی رێکخراوی قاعیدە بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٢ قاعیدە پلانێکی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی فراوان بۆ سەر یانە شەوانەکانی ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆتا ساتەکانی ئەنجامدانی پلانەکە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا پوچەڵی کردووەتەوە، دەشڵێت، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل، لە کاتی ئەنجامدانی پلانەکە و سەرگرتنیدا نزیکەی ٢٠٠ هاوڵاتی دەکوژران.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاشکرابوونی پلانەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زەینەلعابدین محەمەد حسێن، یەکێک لە بەرپرسەکانی قاعیدە هات دوای ئەوەی لە نیسانی ٢٠٠٢ لە پاکستان لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا و دانی بە پلانەکەدا نا.

عەلی سوفان ئەوەشی ئاشکراکرد، دوای ئەوەی ئەمریکا زانیاری هەواڵگری دەستکەوتووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری چەند وڵاتێکی دیکە، توانیویانە ئەو بەرپرسەی قاعیدە لە ئەوروپا دەستگیربکەن کە بەرپرسبووە لە دانانی پلان و ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وردەکاری ئەنجامدانی چەند هێرش و پلانێک تا ئێستا لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاونەکراوەتەوە و ئاشکرانەکراوە، بەڵام لەم دواییەدا بڕیاریدا بەشێک لەو دۆسییەیە ئاشکرابکرێت، کە زیاتر لە ١٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە.

کـ. ئـ













گەلەری