سەردێڕ:

دوای ٢٢٨ کاتژمێر لە روودانی بومەلەرزەکە؛ ژنێک و دوو منداڵ لە هاتای رزگارکران

PM:04:31:15/02/2023

21572 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ٢٢٨ کاتژمێر کە دەکاتە نۆ رۆژ و ١٢ کاتژمێر لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا، توانرا ژنێک و دوو منداڵ بە سەلامەتی رزگار بکرێن.


ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا دەڵێت تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن توانیویانە ژنێک و دوو منداڵ لە قەزای ئەنتاکیای پارێزگای هاتای لە دوای ٢٢٨ کاتژمێر رزگاربکەن.

هەر لەمڕۆدا و لە پێشتریش ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ لە پارێزگای کەهرەمان مەڕەشی باکوری کوردستان دوای ٢٢٢ کاتژمێر رزگارکرا.

 

تیمە فریاگوزارییەکانی تورکیا رایانگەیاند، لە دوای تێپەڕبوونی ٢٢٨ کاتژمێر بەسەر رووداوی بوومەلەرزەکەی تورکیا ژنێک و دوو مداڵ لە ژێر داروپەردووی خانووەیەکی رووخاودا دەرهێنران.

پێشتریش لە پارێزگای کەهرەمان مەڕەش کە رووبەرووی زۆرترین زیان بووەتەوە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە دوای تێپەڕبوونی ٢٢٢ کاتژمێر کە دەکاتە زیاتر لە ٩ رۆژ، ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا رزگار کرد.

لە ماوەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی کارەسات و باری لە ناکاوی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس و نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس زیانیان لێکەتووە.

لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەکرد، بوومەلەرزەکە نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتری ١٠ پارێزگایتورکیای هەژاندووە و ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانەش بە ١٣.٥ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.

مرۆڤ چەندێک دەتوانێت بەبێ ئاو و خۆراک بمێنێتەوە لە ژیاندا؟

بە گوێرەی راپۆرتێکی تەندروستی ماڵپەڕ "Insider"، ئەگەری هەیە جەستەی مرۆڤ بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەبێ خواردن بە زیندووی بمێنێتەوە بەڵام، تەنها بۆ ماوەی ٤ رۆژ بەبێ ئاو بەرگە دەگرێت، بەڵام چیرۆکە جیاوازەکانی رووداوی بوومەلەرزەکە لە سەروی ئەو وادانەوەن کە پسپۆڕانی تەندروستی باسی لێوە دەکەن.

ئەو کەسانەی چەوری جەستەیان زۆرە دەتوانن بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ رۆژ بەبێ خواردن بە زیندووی بمێننەوە، چونکە دەتوانن چەوری جەستەیان وەک وزە بەکاربهێنن، بەڵام کەسێکی ئاسایی تەندروست تەنها بۆ ماوەی ١٦ رۆژ بە لایەنی زۆرەوە دەتوانێت بژی و هیچ کەسێک بەرگەی زیاتر لە هەفتەیەک بێ ئاوی ناگرێت، کە دەکرێت کەسانی رزگاربوو، بە سوودوەرگرتن لە پاشەڕۆی ئاوی جەستەیان وەک یەکێک لە نمونەکان کە کوڕێکی گەنج بوو توانی بمێنێتەوە.

رۆژی شەشی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧،٤ پلەی رێختەر چەندین ناوچەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای هەژاند و زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابێتنەوە و لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر ئەو رووداوەدا تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن لە رزگارکردنی هاوڵاتیان.













گەلەری