سەردێڕ:

ژنێک لە رووداوێكدا سێ کچی لەدەستدا

PM:10:29:02/09/2021

19492 جار خوێندراوەتەوە

یەکەی پۆلیسی دەریایی نەجەف بڵاویکردەوە، یەکەکانیان دوای ئەوەی ژنێک و کوڕەکەی لەناو ئاوی فوڕاتدا رزگاردەکەن، تەرمی سێ کچیشی بە خنکاوی دەدۆزنەوە.


یەکەی پۆلیسی دەریایی نەجەف ئاماژەی بەوەداوە، تیمی ژێردەریایی پۆلیسی نەجەف لە پرۆسەیەکی خێرادا توانیویانە ژنێک و کوڕەکەی لە خنکان رزگار بکەن.

ئەوەشی خستەوەتەڕوو، دوای گەڕانەکانیان توانیویانە تەرمی سێ کچی ئەو ژنە بە خنکاوی بدۆزنەوە، دەشڵێت، دایک و کوڕەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن و تەرمی سێ کچەکەش لە پزیشکی دادوەرین.

لەبارەی چۆنییەتی روودانی رووداوەکەوە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ئەو خێزانە بۆ گەشتێک دەڕۆنە سەر ئەو رووبارە و دوای خواردنی ژەمی نیوەڕۆ، چونەتە ناو ئاوەکە بۆ ئەوەی مەلەبکەن و کات بەسەربەرن و یەکێکیان لە ئاوەکە دەخنێت و دووانەکەی تریش ویستوویانە رزگاری بکەن، بەڵام ئەوانیش گیانیان لەدەستداوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، یەکەکانی پۆلیسی ئاوی هەموو کاتێک هەوڵدەدەن خەڵکی لەناو ئاوەکاندا مەلەنەکەن بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە روونەدات.













گەلەری