سەردێڕ:

پارەی سەرپەرشتیارانى بنکەکانى دەنگدان ئاشکرا کرا

AM:08:53:02/09/2021

31508 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕى ئەو پارەیەى دیارى کرد کە وەک پاداشت دەدرێتە ئەو مامۆستایانەى زانکۆ کە دەبنە سەرپەرشتیارى بنکەکانى دەنگدان.


ئەمرۆ پێنجشەممە، نبراس ئەبو سودە، یاریدەدەرى وتەبێژى کۆمسیۆنەکە بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى راگەیاند "ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیاریدا بڕى ٢٥٠ هەزار دینار وەک پاداشت خەرج بکات بۆ هەر مامۆستایەکى زانکۆ کە سەرپەرشتى بنکەى دەنگدان بکات لە رۆژى هەڵبژاردنى پیشوەختەدا".

وتیشى "زامنى ژمارەى یەدەگى مامۆستایانى زانکۆ بۆ مەبەستى چاودێریکردنى بنکەکانى دەنگدان کراوە و بۆ هەر بازنەیەکى هەڵبژاردن ٥ مامۆستاى زانکۆ وەک یەدەگ دانراوە".

هاوکات رونیکردەوە، ئەنجومەنى کۆمسیاران هەروەها بڕیارى ئەوەیداوە وێنەیەک لە راپۆرتى ئامێرى خێراکردنى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە و وێنەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە و کاغەزى دەنگدانى هەر وێستگەیەک بدات بە نوێنەرى پارتەکان و کاندیدەکان بەر لەوەى ئەنجامەکان لەرێگەى نێوەندى گواستنەوەى ئەلەکترۆنى بنێردرێت.

بڕیارە رۆژى ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەنجام بدرێت و لەناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى پشتیوانییەکى زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لەوادەى خۆیدا.













گەلەری