سەردێڕ:

کوێت یەکەم مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

PM:11:29:01/01/2023

3432 جار خوێندراوەتەوە

مانگی دەستکردی "کوێت سات ١" رۆژی سێشەممەی داھاتوو لەڕێگای موشەکێکەوە لە ویلایەتی فلۆریدا باشووری رۆژھەڵاتی ئەمریکا رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێت.


ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی کوێت بڵاویکردەوە کە مانگی دەستکردی "کوێت سات ١" دوای چوار کاتژمێر و دوو خولەک لە ھەڵدانی، یەکەم سیگناڵ بۆ وێستگەی زەمینی دەنێرێت، بەرلەوەی ئەرکی پێویستی خۆی ئەنجام بدات.

لای خۆیەوە ئەحمەد کەندەری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی پرۆژەی یەکەم مانگی دەستکردی کوێت رایگەیاندووە، کاتیک موشەکەکە دەگاتە ئەو خولگەیەی بۆ دیاریکراوە لە مانگە دەستکردەکە، جیا دەبێتەوە دواتر دەست بە ئەنجامدانی ھەموو ئەرکەکانی دەکات.

راشیگەیاندووە، مانگەکە بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و بەکامێرای کوالێتی بەرز وێنە تۆمار دەکات و دەنێرێت بۆ ئەوەی لەلایەن تیمی پسپۆرەکانەوە شی بکرێتەوە.

ئەحمەد کەندەری ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوانەی بەرپرسی پڕۆژەکەن ناوی (کوێت سات ١)یان ھەڵبژارد کە ئاماژەیە بۆ خواستی کوێتییەکان کە ئەوە یەکەمجارە مانگێکی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەن.

ئاشکراشی کردووە، تێچووی پرۆژەکە گەیشتووەتە ٣١٦ ھەزار دیناری کوێتی (زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) کە ٦٧ کەس لەسەر ئاستی پلەی جیاواز و شارەزایی زانستی، کاریان تێدا کردووە.













گەلەری