سەردێڕ:

هۆکارەکانی کشانەوەی ئیمارات لە رێکخراوەکانی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس چین؟

PM:11:41:23/12/2022

5476 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی ئیمارات بەنیازن لە رێکخراوی ئۆپیک بکشێنەوە و سەربەخۆ نەوت خۆیان بفرۆشن. چاودێران و شارەزایانی بواری وزە دەڵێن، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پشتیوانیکردنی لە ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا لە دیارترین هۆکارەکانی کشانەوەی ئماراتە لە ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس.


ئیمارات، ئەو وڵاتەی بە نەوت و گاز و سامانی سرووشتی لە ماوەی چەند دەیەیەکدا توانی وڵاتەکەی بکات بە یەکێک لە پێشکەووتوترین وڵاتەکانى ناوچەکە دەیەوێت بڕیارێکی چارەنووساز لەبارەی سیاسەتى فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەیەوە بدات و لە رێکخراوى ئۆپێک بکشێتەوە.

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانى ئیمارات دەیانەوێت لە رێکخراوى ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە و خودی میرنشینەکە سەرپەرشتی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتى خۆی بکات.

میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، هۆکاری سەرەکی خواستی ئیمارات بۆ کشانەوە لە ئۆپێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە نەوتییەى کەنداو دەیەوێت فرۆشتنی رۆژانەی کە ئێستا بەهۆى ڕێکارەکانى ئۆپێک پڵەسەوە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت بۆ چوار ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە لەکاتێکدا تواناى بەرهەمهێنانى ئەو بڕەى هەیە و دەشیەوێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئاستى بەرهەمى بۆ پێنج ملیۆن بەرمیلى رۆژانە بەرزبکاتەوە.

وەک بەشێک لە چاودێرانی سیاسەتی نەوتیش لە جیهاندا باسی دەکەن، هۆکارێکی تری خواستی کشانەوەکەی ئیمارات دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو وڵاتە بە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەکەدا دادەنرێت و دەیەوێت بە کشانەوەکەی یارمەتی زیاتری ئەو وڵاتانە بدات تا هاوسەنگى زیاتر بۆ بازاڕى وزە بگەڕێنێتەوە.

رێکخراوی ئۆپێک، لە ساڵى ١٩٦٠ لە شارى بەغدا دامەزراوە و لەو کاتەشەوە رۆڵێکى گرنگى هەبووە لە ئاراستەکردنى سیاسەتى نەوتى جیهانى بەجۆرێک کە بەرژەوەندى وڵاتانى ئەندام لەبەرچاوبگرێت و هاوسەنگى بۆ بازاڕى وزە بگێڕیتەوە.

دواهەمین هەڵوێستى رێکخراوەکەش بە هاوپەیمانى چەند وڵاتێکى نەوتفرۆشى وەک روسیا و چەند وڵاتێکى تر هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسیان پێکهێناوە و توانیان ساڵى ٢٠٢٠ رێگریبکەن لە هەرەسهێنانى نرخى نەوت، کاتێک لە مانگى نیساندا هاوپەیمانییەکە بەشێوەیەکى قۆناغبەندى یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانەى کەمکردەوە و وڵاتانى ئەندامیشى ناچار بە پابەندبوون کرد.

بەڵام بڕیارەکانى ئۆپێک بەدەرنەبوونە لە نیگەرانکردنى چەند وڵاتێک و بەو هۆیەشەوە تائێستا هەریەک لە وڵاتانی ئەندۆنیزیا لە ساڵى ٢٠١٦ و قەتەر لە ٢٠١٩ و ئیکوادۆر لە ساڵى ٢٠٢٠دا لە ئەندامێتی ڕێکخراوەکە کشاونەتەوە.













گەلەری