سەردێڕ:

حکومەتی عێراق بڕیارێکی لەبارەی گەنجانەوە دەرکرد

PM:06:29:31/08/2021

120700 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای زۆرەملێی سەربازی لە وڵاتدا جێگیرکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکات.


حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێی دەربڕی لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای خزمەتی ئاڵادا.

حەسەن نازم ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و تاوتوێ دەکرێت. 
هاوکات، عەبدولخالف عەزاوی ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پرۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێ پێش کۆتاییهاتنی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان جێگیربکات.

باسی لەوەشکردووە، لە پەرلەمانی عێراقدا پشتگیری ئەو پڕۆژەیاسایە دەکەن و دەیانەوێت خوێندنەوەی بۆ بکەن و جێگیری بکەن و ئارەزوودەکەن پێش تەواوبوونی وادەی ئەم خولە پەسەندی بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری عێراق ساڵی رابردوو پرۆژەیاسای بەزۆرە ملێی سەربازی رەوانەی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت کردووە بۆ وردبینیکردنی لە رووی یاساییەوە.

خزمەتکردنی سەربازی بەزۆرەملێ لە سەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراقدا جێبەجێدەکرا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی ئەو دەسەڵاتە.

ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی تر سوپا پێکهێنراوەیەوە و زۆرەملێیی سەربازی کۆتایی پێهێنرا.














گەلەری