سەردێڕ:

دواهەمین سەربازى ئەمەریکا کێیە کە خاکى ئەفغانستانى جێهێشت؟

AM:10:56:31/08/2021

11048 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی ئەمەریکا ناسنامەی کۆتا سەربازی وڵاتەکەیان ئاشکراکرد پێش ئەوەی خاکی ئەفغانستان بەجێبهێڵێت، ئەوەش پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ مانەوەى سوپاى ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان.


بەگوێرەى میدیاکانى ئەمەریکا ئەو سەربازە ئەمەریکییە ژەنڕاڵێکە بەناوى کریستۆفەر دۆناهۆی (تەمەن ٥٢ ساڵ)، سەرکردەی گشتی یەکەی ٨٢ى هێزێکی تایبەتە و لەو وێنەیەدا دەردەکەوێت وەک کۆتا سەربازێکی ئەمەریکی بەرەو فڕۆکەیەکی سەربازی دەچێت بەمەبەستی بەجێهێشتنی خاکی ئەفغانستان.

بەگوێرەى ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، دۆناهۆ شارەزاییەکی سەربازی گەورە و فراوانی هەیه، پێشتریش خزمەتی سەربازی لە کۆریای باشور کردوە بێجگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیاش.

ئەو ژەنراڵە ئەمەریکییە لە ١٧ ئەرکی سەربازی لە وڵاتانی ئەفغانستان و عێراق و سوریا و لیبیا و خۆڕهەڵاتی ئەوروپا خزمەتى کردووە، زۆربەی ژیانی لەبواری سەربازیدا بەسەربردوە.

دۆناهۆ لە تەموزی ساڵی ٢٠٢٠ ئەرکی سەربازی هێزی تایبەتی لەئەستۆ گرتووە، کە بەهێزێکی وەڵامدانەوەی خێرا ناسراوە و لەماوەی ١٨ کاتژمێر لەڕاسپاردنیان ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن.

شەوى رابردوو میدیاکانی جیهان بڵاویان کردەوە، دوایین فڕۆکەی ئەمەریکی کابولى جێهێشت و بەوەش تەواوی هێزە ئەمەریکییەکان لەو ناوچەیە کشانەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."













گەلەری