سەردێڕ:

وێنە..چیرۆکى ژنە سەربازە میهرەبانەکەى ئەمەریکا کە لە تەقینەوەکەى کابوڵ گیانیلەدەستدا

PM:10:54:29/08/2021

15916 جار خوێندراوەتەوە

نیکۆڵ جی، پلەی عەقیدی هەیە لە یەکەی دەریايی هێزەکانی ئەمەریکا، هەفتەیەك پێش گیانلەدەستدانی وێنەی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە منداڵێکی ئەفغانی لەباوەش گرتبوو، لە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان گیانیلەدەستدا.


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ناوی سەربازەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە بەهۆی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە.

یەکێك لەو سەربازانە، نیکۆڵ جی بوو کە بۆ ماوەی ١٣ ساڵە لە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەیدا خزمەتی کردووە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، نیکۆڵ، هەفتەیەك پێش گیانلەدەستدانی منداڵێکی ساوای ئەفغانی لەباوەش گرتووە و وێنەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی ''کارەکەم خۆشدەوێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ١٣ سەربازی مارێنز و ٦٢ ئەفغانی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥٠ کەس برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە دەرگای سەرەکی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان روویداوە.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەفغانستانی کرد و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهات، هەزاران هاوڵاتی ئەفغانیش بە مەبەستی جێهێشتنی وڵاتەکەیان و راکردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان، چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".













گەلەری