سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو نەخۆشخانەی پزیشکێکی ئیتاڵی بە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان دایمەزراند

PM:01:15:29/08/2021

4892 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان رۆڵی سەرەکی گێڕا لەچارەسەرکردنی بریندارانی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ. چیرۆکی دامەزراندنی نەخۆشخانەکە بزانە.


لە ساڵی ٢٠٠٠ جینۆ سترادا پزیشکی نوژداری ئیتاڵی و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ، کە لە ئێستادا لە ژیاندا نەماوە، لە ئەنجامی دانوستانی راستەوخۆی لەگەڵ مەلا محەمەد عومەر دامەزرێنەری بزوتنەوەی تاڵیبان توانی دایەنگایەکی روخاوی منداڵان لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەدەستبهێنێت بە ئامانجی دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لەو شارە.

لەوکاتەوە، پاش دامەزراندنی نەخۆشخانەکە لەسەر داروپەردوی روخاوی دایەنگاکە، نەخۆشخانەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ بریندارانی جەنگ و تەقینەوەکانی کابوڵ و ئەفغانستان.

ماوەی ساڵێکە، نەخۆشخانەکە تەنها پێشوازی لە بریندارانی جەنگ نەکردووە، بەڵکو بریندارانی شەڕە ناوخۆییەکان و تەقینەوەکانیشی چارەسەرکردووە و لەسەر دەروازەی سەرەکی نەخۆشخانەکەش وەک ئاگادارکردنەوەی سەردانیکەرانی نوسراوە "هێنانەناوەوەی چەک قەدەغەیە".

خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکە تەنها پێشکەشی دانیشتوانی شاری کابوڵ نەکردووە، بەڵکو تەنانەت دانیشتوانی گوندنشینەکانی دەوروبەری شارەکەش لێی سودمەندبوون، بەجۆرێک نەخۆش هەبووە چەندین رۆژ لە ژێر کەش وهەوایەکی سەختدا بە پێ بەڕێوەبووە تا خۆی بگەیەنێتە نەخۆشخانەکە.

نەخۆشخانەکە و بریندارانی تەقینەوەکەی کابوڵ

جینا پۆرتێلا پزیشک و رێکخەری پزیشکی بۆ کەیسە کتوپڕەکان لە کابوڵ رایگەیاند، "گرنگی زۆرمانداوە بە کەیسی ئەو نەخۆش و بریندارانەی دۆخی تەندروستییان ناجێگیربووە و لە ژێر چاودێری وردابوون، چونکە نوژدارەکان و پزیشکەکان بەردەوام چاودێری نەخۆش و بریندارەکان دەکەن و بەسەریانەوە دەگەڕێن تا دڵنیابن کەیسی نوێیان تێدانییە".

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەرەتای رووداوەکە خەڵکێکی زۆر سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و تەواو قەرەباڵغ بووە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە زۆرینەیان توشی شۆک بوو بوون، هەربۆیە کاری ئەوان دڵدانەوە و ئارامکردنەوەی هاوڵاتیانبووە.

جینا پۆرتێلا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممەوە پێشوازییان لە ٣٨ بریندارکردووە و کە تائێستاش لە ژێر چاودێریدان.

دەشڵێت، منداڵترین بریندار تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵان و بەتەمنترینیشیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵیدایە.

جینا پۆرتێلا پزیشک و رێکخەری پزیشکی بۆ کەیسە کتوپڕەکان لە کابوڵ وتیشی، بەهۆی دۆخەکەوە کارمەندەکانیان نەیانتوانیوە زۆر پابەندی پرۆتۆکۆلەکانبن کە پێشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەیسە کتوپڕەکان بەرکاربوون، هەوڵەکانیان تەنها لە رزگارکردنی گیانی بریندارەکاندا کورتکردبووەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، لەناو قەرەباڵغی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، دوو خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوەنزیکەی ١٠٠ کەس کوژران کە لەناویاندا ٢٨ چەکداری بزوتنەوەی تاڵیبان و ١٣ سەربازی ئەمریکی هەبوون و ١٨ سەربازی دیکەی ئەمریکی برینداربوون. دوا بەدوای رووداوەکەش رێکخراوی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا "داعش" بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکان راگەیاند.

کـ ، ئـ













گەلەری