سەردێڕ:

کەسێک بە تۆمەتی دەستکاریکردنی دۆسیەی خانوبەرە دەستگیرکرا

PM:12:31:29/08/2021

5128 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی نەینەوە سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەر کارمەندێکی بەشی خانوبەرەی پارێزگاکەی بە تۆمەتی دەستکاریکردن و ساختەکردن لە دۆسیەکانی خانووبەرە دا و ١٣ کەسی دیکەی بەتۆمەتی تێوەگلان دەستگیرکردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دادگای تاوانەکانی نەینەوا بەدواداچوونی بۆ کەیسی تۆمەتبارێک کردووە کە فەرمانبەربووە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە لە بەشی خۆرئاوای نەینەوا.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، فەرمانبەرەکە پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ تۆمارکردنی زانیاری نادروست و ساختە لە تۆماری خانوبەرەی ژمارە 2/5م 52ی قوجاق و زانیارییەکانیشی بە ناوی کەسێکەوە تۆمارکردووە کە لەبەرامبەر کارەکەیدا پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوونی پێداوە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو موڵکەی ئاماژەی پێکراوە و ژمارەکەی ئاشکرا کراوە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی موسڵەوە تۆمارکراوە.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، دادگا بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدایە بۆ بە تاوانبار ناساندنی ئەو فەرمانبەرە بەگوێرەی یاسای ژمارە ١٠٦ی ساڵی ١٩٨٣.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی لە سی دادوەر پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستکاریکردن و ساختەکاری کردن لە تۆماری خانوبەرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ ١٣ کەسی دیکە دەرکردووە کە لەرووداوەکە تێوەگلاون.

 

کـ ، ئـ













گەلەری