سەردێڕ:

خێزانێکی عێراقی بە تۆمەتی رفاندنی کچە دوگیانەکەیان لە ئەمریکا دەستگیرکران

AM:09:16:29/08/2021

10712 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ویلایەتی ئەریزۆنا لە ئەمریکا رایگەیاند، خێزانێکی شەش کەسی بە رەگەز عێراقی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رفاندنی کچە دووگیانەکەیانی لە چەند بۆنەیەکدا، دەستگیر کردووە.


رادیۆی فۆکس نیوز١٠ی ناوخۆیی بڵاویکردەوە، شەش کەسە دەستگیرکراوەکە ئەندامی یەک خێزانن کە بریتین لە فارس فەرتوسی باوکی کچەکە و سوعادی دایکی و زەهرای خوشکی و عەلی و بەشیر و یاسری برای.

لێکۆڵەرەوان ئاماژەیان بەوەداوە، خێزانەکە مێژوویەکیان لە تەنگ پێهەڵچنین بەکچەکەیان هەیە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە و ئەو کچە هاوڕێیەکی کوڕی هەیە کە جیاوازی ئایینی لە نێوانیاندا هەیە. لێکۆڵەرەوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، خێزانی کچە لەو باوەڕەدان هاوڕێ کوڕەکەی بەزۆر کچەکەیانی لەماڵەکەی خۆیدا بەند کردووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، لەمانگی نیسانەوە برایەک و خوشکەکەی سەردانی ماڵی دایکی هاوڕێ کوڕەکەی کچەکەیان کردووە کە تیایدا ژیاون تا هەوڵبدەن خوشکەکەیان بگەڕێننەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، کچەکە و کوڕە هاوڕێکەی دواتر هەڵهاتوون بۆ شارێکی نزیک لە شارەکەی خۆیان تا لە خێزانی کچەکە دووربکەونەوە، بەڵام خێزانی کچەکە شوێنەکەیان ئاشکراکردوون و هەوڵیانداوە لەو ئوتێلەی تیایدا ژیاون بەزۆر کچەکە بگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام دواتر هاوڕێ کوڕەکەی کچەکە بە زەبری چەک ئەندامانی خێزانی کچەکەی کردووەتە دەرەوە و دووری خستوونەتەوە.

پۆلیس ئاشکرای کردووە، خێزانەکە لە چەندین بۆنەی دیکەدا هەوڵیانداوە کچەکەیان بڕفێنن و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە هەڕەشەی لە هاوڕێ کوڕەکەی بە تۆمەتی رفاندنی خوشکەکەی لێکردووە.

تا ئێستا دەسڵاتداران، ناوی کچە ٢٠ ساڵانەکەیان ئاشکرا نەکردووە و بەڵگەنامەکانی دادگاش دەریان خستووە خێزانەکە عێراقیین و بەنیازبوون کچەکەیان بنێرنەوە بۆ عێراق، چونکە ئەگەری ئەوە هەبووە دوای گەڕاندنەوەی بتوانن بیکوژن.

 

کـ ، ئـ













گەلەری