سەردێڕ:

بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە تاران ناوەندەکانی خوێندن کرانە پشوو

PM:05:54:10/12/2022

3280 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پیسبوونی هەواوە بە رادەیەکی بەرز، لە ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرزی ئێران، ئەمڕۆ و سبەینێ کرانە پشوو.


ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" بڵاوی کردەوە، بە رەزامەندی لیژنەی دۆخی لەناکاوی پیسبوونی کەشوهه‌وا، بەهۆی پیسبوونی هەوا خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگای ئەلبۆرز و سەرجەم قوتابخانەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی و باخچەی ساوایانی گشت شارەکانی پارێزگای تاران جگە لە شارەکانی فیروزکۆ و دەماوەند بۆ ماوەی دوو کرایە پشوو.

ئاژانسەکە لە زاری سادق زیاییان بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی ئێران بۆ پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ئیدارەدانی قەیرانەکان بڵاویکردەوە، پیسبوونی کەشوهەوا لە شارەکانی تاران و کەرەج گەیشتووەتە ئاستێکی ناتەندروست بۆ هەموو تەمەنەکان و مەترسییەکە تا رۆژی دووشەممە بەردەوامی دەبێت.

زیاییان ئەوەیشی خستووەتەڕوو، کاریگەریی پیسبوونی هەوا زیاتر لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیدا دەردەکەوێت و پێشبینی هەڵکردنی با لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا دەکەن.

هاوکات، بەرپرسان هۆشدارییاندا هاوڵاتییان کە تا ناچار نەبن شۆفێری نەکەن و لەو ناوچانەی هاتوچۆی زۆریان لەسەرە بە بێ دەمامک نەیەنە دەرەوە.

جگە لە نەگونجاوی ئاڵوگۆڕی هەوا و زۆری ژمارەی دانیشتووانی تاران، هەروەها بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان و بەکارهێنانی ماتۆرسکیل بە شێوەیەکی بەربڵاو کە گازی ئێگزۆزیان لێ دەردەچێت لەو هۆکارانەن کە پیسبوونی کەشوهەوای شارەکەیان زیاد کردووە.

تاران لە ریزبەندی سێیەمی ئەو شارانەی جیهاندایە کە کەشوهەوایان زۆر پیسە، بەم هۆیەوە زوو زوو خوێندن لە قوتابخانەکانی ئەم شارە دەکرێتە پشوو.

بەپێی دەرخستەی کواڵێتیی هەوا مادەی پارچۆڵکەی PM10 لەنێو یەک مەتر سێجا هەوادا بەم جۆرە پۆلین کراون:

٠-٥٠ "هەوای پاک" (سەوز)، ٥١-١٠٠ "مامناوەند" (زەرد)، ١٠١-١٥٠ "هەستیار" (پرتەقاڵی)، ١٥١-٢٠٠ "ناتەندروست" (سوور)، ٢٠١-٣٠٠ "خراپ" (مۆر) و ٣٠١-٤٠٠ "مەترسیدار" (قاوەیی).













گەلەری