سەردێڕ:

ئێران بەفەرمی دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی راگەیاند

PM:05:33:03/12/2022

3636 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئێران بەفەرمی رایگەیاند، لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکەی دەستی بە دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە بەفەرمی دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێی ئەتۆمی راگەیاند.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران لەگەڵ ئەمریکادا لەململانێ و گفتوگۆکردندایە لەبارەی سزا سەپێندراوەکانی سەری لەلایەن ئەمریکاوە ئەوەش دوای کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران.

هەروەها، مانگی رابردوو ئەمریکا نیگەرانی قوڵی خۆی دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گەشەپێدانی موشەکی کیشوەربڕی راگەیاند، کاتێک تاران ئاشکرایکرد بەرێژەی ٦٠٪ دەستیان بە پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە.

هاوکات، جۆن کیربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "دڵنیا دەبینەوە لەوەی هەموو بژاردەکان لەبەردەستی سەرۆکی ئەمریکا دابن".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە دڵنیاییەوە بۆچوونیان نەگۆڕیوە و رێگە نادەن ئێران بتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەلایەن خۆشییەوە، حکومەتی ئێران رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم پەرەپێدەدەن و لە گەشەکردندایە. لەبەرامبەردا، وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان هەیە گەشەکردنەکان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نهێنی چەکی ئەتۆمیدا بێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئێران بۆ یەکەمجار لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردو بەرێژەی ٦٠٪دەستی بەپیتاندنی یۆرانیۆم کردووە، دواتریش محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە.

بۆمبێکی ئەتۆمی پێویستی بە ٩٠٪ی پیتراوی یۆرانیۆم هەیە بۆیە پیتاندنی ٦٠٪ هەنگاوێکی گرنگە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا دەگاتە ئاستی پیتاندن بەمەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. لەماوەی رابردوودا، ئێران هەمیشە رەتیکردووەتەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەگەڕبخات و جەختی لەوەکردووەتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تەنها بەمەبەستی مەدەنییە.













گەلەری