بەپێ دوایین زانیارییەکان لە ئەنجامی بۆردومانەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی و دوو نەخۆشخانە بۆردومان کراون و لە ئەنجامی هێرشەکاندا ١٨٠ کەس شەهید بوون و ٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
جارێکی دیکە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردەوە و ئەمجارە ژێرخانی مرۆیی ئەو بەشەی کوردستان دەکاتە ئامانج. هەسەدەش هەماهەنگییەکانى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى راگرتووە.
رۆژی ١٩ی تشرینی دووەم تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و چەکی
قورسەوە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دێرک، دەربێسیە، ئەبو راسێن،
کۆبانێ و شەهبا دەستپێکرد و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ هێرشەکان بەردەوام بوون و بەوتەى بەرپرسانى
رۆژئاواش سوپای تورکیا لە رێگەی بۆمبی فسفۆڕیی قەدەغەکراوەوە بۆردومانی ناوچەکانی
دەوروبەرى شاری عەفرین کردووە.
بەپێ دوایین زانیارییەکان لە ئەنجامی بۆردومانەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای
کوردستان خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی و دوو نەخۆشخانە بۆردومان کراون و لە ئەنجامی
هێرشەکاندا ١٨٠ کەس شەهید بوون و ٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر بەهۆى ترس لە بۆردومانی تورکیا ٢٣٥ قوتابخانە داخراون و لە ٢٥١
قوتابخانەش پشوو راگەیاندراوە و بەو هۆیەوە ٢١ هەزار و ٨٤٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش
بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا داوای کردبوو تورکیا هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوا
رابگرن لە وەڵامی ئەمریکادا مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، بەمزوانە
هێرشی زەمینی بۆ سەر شارەکانی مەنبج و کۆبانێ ئەنجام دەدەن.
لەکاردانەوەی هێرشەکانیش سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکى
هاوبەشدا رایانگەیاند، پێکەوە کاردەکەن بۆ زیادکردنی هەماهەنگیان تاوەکو دۆخی ناوچەکانی
باکوری سوریا بە سەقامگیری بمێننەوە و بەشێکیش لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپاش لە
نامایەکدا بۆ یەکێتی ئەوروپا داوایان کردووە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای
کوردستان بوەستنەوە و داواشیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی
چەکی کیمیای لەو ناوچەیە بکەن.
هەر لە درێژەى کاردانەوەکان، ئارام حەنا وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات
بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، مامەڵە و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
بەسەرپەرشتی ئەمریکا، لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان رادەگرن.