سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا لە سەر نرخێکی دیاریکراو بۆ نەوتی روسیا رێککەوتن

PM:11:43:02/12/2022

2788 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەکۆیدەنگ لەسەر نرخی نەوتی روسیا رێککەوتن و بڕی ٦٠ دۆلاریان بۆ یەک بەرمیل نەوتی روسی دیاریکرد.


ئەمڕۆ هەینی، ئەندرێە سادوس باڵیۆزی پۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتەکەی ٦٠ دۆلار وەک نرخێکی دیاریکراو بۆ یەک بەرمیل نەوتی روسیا پەسەند کردووە و گڵۆپی سەوزی بۆ یەکێتی ئەوروپا هەڵکردووە.

دوابەدوای ئەم هەڵوێستەی پۆڵەنداش، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر دانانی ٦٠ دۆلار وەک نرخێکی دیاریکراو بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی روسیا پەسەند کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پۆڵەندا تەنها وڵاتبوو کە تا رۆژی هەینی بۆچوونی خۆی لەبارەی دیاریکردنی ٦٠ دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوتی روسی ئاشکرا نەکردبوو، لە کاتێکدا رێککەوتنێکی لەم جۆرە پێویستی بە کۆدەنگی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە هەیە.

هاوکات، ئەندریە سادوس باڵیۆزی پۆڵەندا لە یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پابەندە بە بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپاوە ئەمەش رێگە بە یەکێتییەکە دەدات بەردەوام بێت لە بڕیارەکەی، بەئامانجی کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەوتی مۆسکۆ.

بەگوێرەی راپۆرتی سادوس پشکنین بۆ نرخەکان دەکرێت و بەگوێرەی میکانیزمێک نەوتی روسیا بەڕێژەی ٥٪ کەمتر لەخوار نرخی بازاڕ دەمێنێتەوە. دووپاتیشی کردەوە، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت رەزامەندی نووسراو بۆ بڕیارەکە دەربکات و رۆژی یەکشەممە بە فەرمی رابگەیەندرێت.













گەلەری