وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، داوا لەسەر جەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەکات نرخی کارتی ئینتەرنێت بە رێژەی ٢٠٪ کەمبکەنەوە. دەشڵێت، "هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێ رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، داوایان لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە نرخی کارتی ئینتەرنێت بەرێژەی ٢٠٪ کەمبکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندا ئاماژەبەوەکراوە، وەزارەتی
گواستنەوە و گەیاندن دوپاتی دەکاتەوە کە پێویستە نرخی کارتی ئینتەرنێت بەگوێرەی بڕیارەکەی
ئەم دواییەی حکومەت بەرێژەی ٢٠٪ کەمبکرێتەوە.
هاوکات، داوای لەسەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە پابەندبن بە کەمکردنەوەی
نرخەکانەوە و جەختی لەوەشکردووەتەوە هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێ رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٢ عومەر فالح وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل
لە لێدوانێکدا بە ئێن ئار تی رایگەیاند، لە ١ی ١٢ ی ٢٠٢٢ەوە بڕیارەکەی وەزارەتی
گواسنتەوە و پەیوەندییەکانی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی ٢٠٪ نرخی کارتی مۆبایل و
ئینتەرنێت کەمدەکەنەوە.
هەروەها، لای خۆشیەوە، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی تایبەت بە پەیوەندی و
دابینکاری ئینتەرنێت رایگەیاند، رێنماییەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق
جێبەجێ دەکەن.
پێشتریش، نوسینگەی محەمە دشیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە
٢٠٪ی باجی کارتی سەر مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵبگیرێت.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ساڵی ٢٠١٥ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی
پێشوو ٢٠٪ی باج بۆسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس و کرێی ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێم
زیادکرا، ئەم بڕیارەش لە پێناو بوژاندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بوو، بەهۆی ئەوەی عێراق
لەو کاتەدا بە قەیرانێکی ئابوریدا تێپەڕدەبوو.