سەردێڕ:

کەنەدا سزاکانی سەر ئێران زیاتر و فراوانتر دەکات

PM:10:00:02/12/2022

1152 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، پێویستە سزاکانی سەر ئێران زیاتر و فراوانتەر بکەن ئەوەش بەهۆی خراپی کاردانەوەکانی حکومەتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاوڵاتییان و بێبەشکردنی ژنان و کچان لەمافەکانیان و هەبوونی ئێران وەک هەڕەشەیەک لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.


ئەمرۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاویکردەوە، میلانی جولی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەداوە، سزاکانی سەر ئێران لە چوارچێوەی سزای ئابوریدا دەبن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات بەشێوەیەکی توندو تیژانە رووبەڕووی خۆپیشاندەران بێتەوە و سەرکوتیان بکات ئەوەش لەکاتێکدایە گەلی ئێران بەردەوامە لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کچان و ئێرانییەکان و ژیانێکی باشتر بۆ سەرجەمی ئێرانییەکان داوادەکەن.

وتیشی، "کاتێک دەبینین حکومەتی ئێران بە ئاشکرا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات بێگومان بێدەبگ نابین، بۆیە سزامان بەسەر چوار کەس و پێنج دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە کە رۆڵیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و هەڕەشەکردن لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەبووە".

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ئاماژەی بەناوی کەس و دامەزراوە سزادراوەکان کردووە کە بریتین لە: مورتەزا تەلعی، عەمید لە ریزی سوپای پاسدارانی ئێراندا، عەلی مافاردیانی، دادوەری ناسراو و لێکۆڵەر و داواکاری گشتی کە لە زیندانی ئەوین کاری کردووە، حەسەن کیرامی، فەرماندەی یەکە تایبەتییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ئێران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی "سەفیران"ی نێوان روسیا و ئێران یەکێکی دیکەیە لەو دامەزراوانەی سزاکانی کەنەدا دەیانگرێتەوە.

هەروەها، کۆمپانیای "بەهارستان کیشی" سەر بە سوپای پاسداران کە دەوترێت رێککەوتنی لەگەڵ سوپای بەسیج و سوپای پاسداراندا کردووە و بۆ پێدانی کەرەستەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکان، کەنەدا سزای بەسەردا سەپاندووە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی جافای سەربە هێزەکانی بەسیج یەکێکە لە و دامەزراوانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا سزای بەسەردا سەپێنراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاند، "سزای ئێران دەدەین، ئەوەش بەهۆی بوونی ئێران وەک هەرەشەیەک لەسەر مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشەکردن لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".

دواتر لەو چوارچێوەشدا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا سامانی کەسایەتییە ئێرانییەکانی وەک سزایەک بلۆک کرد.

پێشتریش، لەساڵی ٢٠١٢دا کەنەدا ئێرانی وەک دەوڵەتێکی پشتیوانی لە تیرۆر وەسفکرد.













گەلەری