وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، روسیا مەرجەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، "ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا بەردەوام دەبن تا بەدەستهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی".
ئەمڕۆ هەینی، دیمیتری بیسکۆف وتە بێژی کۆشکی کرملین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە راستیدا ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە ئەوەیە، دەکرێت گفتوگۆبکرێت بەمەرجێک پوتین لە ئۆکرانیا بچێتەدەرەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کرملین بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە کارێکی لەو شێوە بکات،
بەڵکو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامدەبن تا ئامانجەکان بەدەستدێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا کۆبووەیەوە و رایگەیاند، ئەگەر ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بەدوای
ئامڕازێکدا بگەڕێت بۆ کۆتایهاتنی جەنگ ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات.
باسی لەوەشکرد، پوتین پێی وایە بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا
و دوستکردنی قەیرانی وزە لە ئەوروپا و دروستکردنی قەیرانی خۆراک لە جیهان دەتوانێت
وابکات هەموو جیهان پاڵپشتی ویستەکانی بکەن بەڵام ئەو کارانەی زیان بە هاوڵاتی و خەڵکی
بێتاوان لە هەموو جیهان دەگەیەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پوتین سەرکەوتوو نابێت لە جەنگەکەی لە دژی ئۆکرانیا و ئەمریکا
و فەڕەنسا بەردەوام دەبن لە پەڵپشتیکردنی ئۆکرانیا لە دژی روسیا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پاش جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و هەڵوێستەکانی ئەمریکا
لە پەڵپشتیکردنی ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا گرژی تێکەوت و ئەو دوو وڵاتە
کۆمەڵێک سزایان بەسەر یەکدا سەپاند.