راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق راگەیاند، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا دراوی ٢٠ هەزار دیناری دەخرێتەڕوو و بەردەست دەبێت. دەشڵێت، "یەدەگی دراوی نەختینەیی ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بەهای دیناریشی بە رێژەی ١٦٠ ٪ بەرزکردووەتەوە."
ئەمڕۆ هەینی، ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، بەردەست بوون و خستنەڕووی دراوی ٢٠ هەزار دیناری هیچ پەیوەندی بە پرۆژە یاسای بودجەی گشتییەوە نییە، چونکە بانکی ناوەندی خاوەنی بودجەیەکی سەربەخۆی خۆیەتی.
ئاماژەی بەوەشدا، رێکارەکانی
چاپکردن و هەڵبژاردنی رەنگ و ئەو
هێمایانەی لەسەر دراوەکە دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی دراوەکە هێشتا یەکلایی
نەبوونەتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا بەردەست نەبێت.
وتیشی، دراوی ٢٠ هەزار دیناری، دراوێکی مامناوەندە لە نێوان ١٠ هەزار دیناری
و ٢٥ هەزار دیناری. پێشبینیدەکرێت لە
کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا دراوەکە بەردەست بێت.
هاوکات، لەبارەی زیادبوونی یەدەگی نەختینەیی عێراقەوە، ئیحسان یاسری
ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی ٩٠ ملیار دۆلاری
تێپەڕاندووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم زیادبوونە پشتیوانێکی گەورەی بوژانەوەی ئابوری عێراق و
بەهێزبوونی دراوی عێراقییە.
وتیشی، ئەگەر چی لە ئێستادا دیناری عێراقی دراوێکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام
لەبازڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ١٦٠٪ بەهاکەی بەرزبووەتەوە. بەمەش بەهای دینارێکی
عێراقی دینار و نیوێکە.
راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکومەت و وەزارەتی
دارایی عێراق دەتوانن لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دابەشێک بۆ توێژە پەراوێزخراوەکان و
خانەنشینان و چاودێرانی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی موچەیان کەمە و ئەوانەشی داهاتیان
کەمە و هەژارە تەرخان بکەن.
باسی لەوەشکرد، پێشتر بانکی ناوەندی سیاسەتێکی کلاسیکی هەبوو کە بریتی بوو
چاودێریکردنی دۆخی سەقامگیری بازاڕ و دەرکردنی پارە، بەڵام لە ئێستادا ئەرکەکەی
گۆڕاوە بۆ دامەزراوەیی و کار لەسەر گەشەپێدانی ئابوری وڵات دەکات. هەربۆیە سندوقی
گەشەپێدانی ئابوری دامەزراندووە کە سەرمایەکەی ١٨ ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و
بەشدارییەکی کارای کردووە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییانەی بۆ حکومەت
دروستبووە.