سەردێڕ:

قائیمقامی ماوەت زانیاری نوێی لەسەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆی شارباژێر ئاشکرا کرد

PM:07:02:02/12/2022

9516 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارکەسی دانیشتووی گوندی قامیش رۆیشتونەتە گوندی زەرون. دەشڵێت، "بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکە برینداربوون".


ئەمڕۆ هەینی، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارکەسی دانیشتووی گوندی قامیش رۆیشتونەتە گوندی زەرون ئەوەش بەمەبەستی هێنانەوەی بەرهەمە سروشتییە خۆراکییەکانی وەرزی پایز وەک قارچک و گۆیژ و بەرهەمەکانی دیکە.

کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت لەلێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەوە بۆردومانکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوانیدیکەیان بریندار بوون.

وتیشی، بەهۆی سەختی شوێنی بۆردومانەکەی ئەمڕۆوە هێشتا نەتوانراوە تەرمی ئەوکەسەی گیانی لەدەستداوە بهێنرێتەوە، بەڵام بریندارەکان هێنراونەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا تیمەکانیان لە هەوڵی هێنانەوەی تەرمەکەدان.

کامەران حەسەن باسی لەوەشکرد، "داوامان کردووە لەڕێگەی فڕۆکەوە بتوانین کارەکان راپەڕێنین و بەدەم قوربانیانی روداوەکەوە بچین بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوچەکە و چیای ئاسۆس و بەردەوامی هەبوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مەترسی نەتوانرا ئەو کارە بکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، لە راستیدا ئەو شوێنە هیچ چەکدارێکی تێدا نییە، سەرەتا ئەو هاوڵاتییانە لە ئەشکەوتێکدابوون و دواتر موشەکێکیان ئاڕاستەدەکرێت و لەئەنجامدا دەشڵەژێن و بەشێکیان دێنەدەرەوە دواتر موشەکێکیدیکە ئاڕاستەی ئەوانەیان دەکرێت کە چوونەتەدەرەوە و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەویدیکەشیان بەسەختی برینداربووە، دواتر ئەوانیدیکە دەچنەسەر بریندار و تەرمەکە و جارێکی دیکە بۆردومان دەکرێنەوە واتە سێجار بۆردومان کراون.

دەشڵێت، لە ئێستادا بارودۆخی قەزای ماوەت ئاساییە، بەڵام پێشتریش رایانگەیاندووە بارودۆخی چیای ئاسۆس نائاساییە و بە بەردەوامی درۆن و فڕۆکەی تێدا دەسورێتەوە.
هاوکات، چاوگێک لە نەخۆشخانەی قەڵادزی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا یەکێک لە بریندارەکانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی شاخی ئاسۆس گەیەنراوەتە ئەو نەخۆشخانەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، بریندارەکە ناوی "محەمەد قادر"ە و تەمەنی ٦٧ ساڵە و دانیشتوی گوندی قامیشی شارباژێرە.




گۆران لوقمان - سلێمانی
سابیر عەبدوڵا - قەڵادزێ

 













گەلەری