نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی هاوبەشییەکی درێژ مەودا لەبەرهەمهێنانی وزە و غازی شلەوە گفتوگۆیان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کرد لە مارتن ییگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، باڵیۆزی ئەڵمانیا بانگهێشتنامەیەکی فەرمی راوێژکاری
وڵاتەکەی رادەستی محەمەد شیاع سوودانی کردووە کە تیایدا داوای کردووە سوودانی بەفەرمی
سەردانی ئەڵمانیا بکات. لەبەرامبەردا
سوودانیش بەڵێنیداوە لەنزیکترین هەلی رەخساودا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیزانی
عێراق و مارتن ییگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق لەبارەی چەند دۆسییەکی گرنگەوە
گفتوگۆیان کردووە لە دیارترینیان دامەزراندنی هاوبەشییەکی درێژ مەودایە لە بواری
بەرهەمهێنانی وزە و غازی شل لە عێراقدا.
دەشڵێت، هەروەها لەبارەی دۆسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا
و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی
گەندەڵی و بەرهەمهێنانی وزەی پاکەوە
گفتوگۆیان کردووە.
راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، لەلایەن خۆیەوە سوودانی پێداگری کردووە لە
هاریکارکردنی یەکتر لە بواری پەرەپێدان لە رووبەڕووبووەنوەی گەندەڵی و
پشتیوانیکردنی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی ئەو پارانەی دزراون و رەوانەی
دەرەوەی وڵات کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک
وەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی ئیبرایم رەئیسی سەرۆکی ئێران بە سەردانێکی فەرمی
گەیشتە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە.
هاوکات، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای دارایی و ئابوری
بازرگانی بەسەر روسیادا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی وزەی
روسیا بپ ئەڵمانیا و وڵاتی یەکێتی ئەوروپا، لە ئێستادا ئەو وڵاتانە لە قەیرانێکی
قوڵی کەمی و دابینکردنی وزەدا تێپەڕدەبن و هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوە
سەرچاوەیەک ببێتە جێگرەوەی روسیا لە دابینکردنی سوتەمەنی و غازی شل بۆیان.