سەردێڕ:

رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی نوێترین ئاماری کوژراو و بریندارەکانی بۆردومانەکەی شاخی ئاسۆسی بڵاوکردەوە

PM:05:32:02/12/2022

2536 جار خوێندراوەتەوە

تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی شاخی ئاسۆس کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکە برینداربوون. دەشڵێت، " بەشێک لە بریندارەکان تا ئێستا لە شاخی کێلەشین گیریان خواردووە و داوای تیمی فڕۆکەوانی دەکەن کە بە هانایانەوە بچن."


ئەمڕۆ هەینی، تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی لەبارەی رووداوی بۆردوومانەکەی شاخی ئاسۆسەوە نوێترین ئاماری کوژراو و بریدنارەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە بۆردوومانەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکە برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاوڵاتییەی بەهۆی بۆردوومانەکەوە کوژراوە ناوی "عەزیز محەمە رەسوڵ"ە.

دەشڵێت، بریندارەکان بریتین لە "محەمەد قادر ئاغا" و "زانا محەمەد عەلی" و "سەعید محەمەد رەسوڵ" و "ساڵح قادر" و "کوێخا محەمەد عەلی" کە برینەکەی سەختە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێک لە بریندارەکان تا ئێستا لە شاخی کێلەشین گیریان خواردووە و داوای تیمی فڕۆکەوانی دەکەن کە بە هانایانەوە بچن.

پێشتریش، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی سنوری ماوەتەوو گیانیان لەدەستدا بەرزبووەوە بۆ دوو کەس و سێ کەسی دیکە برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشدا، ئاسمانی سنوری شاخی ئاسۆس نائارامە و پێشتریش هاوڵاتییانیان ئاگادارکردووەتەوە کە لە ناوەندی گوندەکانیان دوور نەکەونەوە.

وتیشی، ئەوانەی کوژراو و برینداربوون هاوڵاتی ئاسایی بوون و خەڵکی گوندی قامیشن و چەکدارنین. رەنگە بۆ بەرهەمی پایزە چووبن بۆ شاخەکە یان بۆ راوکردن.

وتیشی، تا بریندارەکان نەبینن ناتوانن دڵنیابن لەوەی ئایا بە درۆن لێیاندراوە یان فڕۆکەی جەنگی یان موشەکییان ئاراستەکراوە.

هاوکات، حسێن قادر یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییەکان خەڵکی گوندی قامیشن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی لێیداون.

ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام ئاسمانی ناوچەکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا دەسوڕێتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە هاوڵاتی سیڤیلی دابێت.

وتیشی، ئەوان کە ئێستا چوونەتە سەر شاخەکە لە هێزەکانی پاسەوانی سنور ئاڵای عێراقییان بردووە وەک هێمایەک بۆ فڕۆکەکان کە ئەوان ‌هاوڵاتی سیڤیلن و عێراقین.













گەلەری