قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی سنوری ماوەتەوە گیانیان لەدەستدا بەرزبووەوە بۆ دوو کەس. شایەتحاڵێکیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەو هاوڵاتییانە بۆ گەشت چوونەتە سەر شاخەکە و فرۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا کردوونی بە ئامانج".
ئەمڕۆ هەینی، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆردوومانەکە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ١ی دوای نیوەڕۆ روویداوە.
ئەوەشی خستەڕوو،
بۆردوومانەکە لە شاخی ئاسۆس روویداوە، نزیکەی شەش بۆ حەوت هاوڵاتی لە داینشتوانی گوندی قامیشی شارباژێر چوونەتە
سەر شاخەکە رەنگە بۆ قارچک و بەرهەمی
پایزەچووبن، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی
زانیارییەکان تا ئێستا دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکە برینداربوون و یەکێکی دیکەش
بێ سەروشوێنە.
وتیشی، تا ئێستا ئەم زانیارییانە کۆتایی نین، چونکە
ئەوشێونەی ئەو هاوڵاتییانە بۆی چوون سەختە و تا ئێستا کەس نەگەیشتووەتە لایان.
باسی لەوەشکرد، شاخی ئاسۆس شاخێکی فراوان و درێژە لە سنوری
قەڵادزێوە تا سنوری شارباژێر درێژدەبێتەوە و چەند بەشێکی هەیە. بارەگای پارتی
کرێکاران بەشاخەکەوە هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی
ئەمنی شاخی ئاسۆس باش نییە، ئەو هاوڵاتییانە کارێکی هەڵەیان کردووە چونەتە سەر ئەو
شاخە.
وتیشی، ئەوانەی کوژراو و برینداربوون
هاوڵاتی ئاسایی بوون و خەڵکی گوندی قامیشن و چەکدارنین. رەنگە بۆ بەرهەمی پایزە
چووبن بۆ شاخەکە یان بۆ راوکردن.
لەبارەی چۆنێتی رزگارکردنی
بریندارەکانەوە، کامەران حەسەن ئاماژەی بەوەدا، بەهۆکاری ئەوەی دۆخی ئەمنی شاخی
ئاسۆس پارێزراونییە، نەیانتوانیوە فڕۆکە بنێرن بۆ رزگارکردنی بریندارەکان، هەربۆیە
تا ئەو شوێنەی ئەمبولانس بتوانێت بۆی بچێیت رەوانەکراوە.
باسی لەوەشکرد، بە ئاسمانی
شاخی ئاسۆسدا بەردوام درۆن و فڕۆکەی جەنگی بوونیان هەیە.
وتیشی، تا بریندارەکان
نەبینن ناتوانن دڵنیابن لەوەی ئایا بە درۆن لێیاندراوە یان فڕۆکەی جەنگی یان موشەکییان
ئاراستەکراوە.
قائیمقامی قەزای ماوەت ئەوەشی
ئاشکرا کرد، بە سەرجەم دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی سەفرە و گەڵاڵەیان وتووە لە سەنتەری گوندەکان دوور مەکەونەوە.
هاوکات، حسێن قادر یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییەکان خەڵکی گوندی قامیشن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی
تورکی لێیداون.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بوردومانەکەوە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکە
برینداربوون و لە ئێستادا لە هەوڵدان بچنە سەر شاخەکە بۆ هێنانەوەی تەرمەکە و دوو
بریندارەکە.
وتیشی، بۆردوومانەکە لە سنوری گوندی زەروون بووە و نزیکە لە چیای ئاسۆسەوە.
ئەو هاوڵاتیانەش بۆ سەیران و گارک "قارچک" چوون بۆ سەر شاخەکە و
گەیشتوونەتە ئەوشێونەی پێی دەوترێت "کێلە شین".
ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام ئاسمانی ناوچەکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا
دەسوڕێتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە هاوڵاتی سیڤیلی دابێت.
وتیشی، ئەوان کە ئێستا چوونەتە سەر شاخەکە لە هێزەکانی پاسەوانی سنور ئاڵای
عێراقییان بردووە وەک هێمایەک بۆ فڕۆکەکان کە ئەوان هاوڵاتی سیڤیلن و عێراقین.