دادگای تاوانەکانی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی سێ مانگ زیندانی بەسەر بەرپرسی پێشووی پۆلیسی پارێزگاکە و چوار پۆلیسیشدا سەپاندووە.
چاوگێک لە دادگای تاوانەکانی پارێزگای نەجەف بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، بەرپرسی پێشووی پۆلیس و چوار پۆلیسی پارێزگاکە بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لەپۆلیسی پارێزگاکە لە بەرامبەر دابەشکردنی زەوی حکومی بەسەریاندا سێ مانگ زیندانی کراون.
ئاماژەی بەوەشدا، شەش ساڵ پێش ئێستا ئەفەسەر
و پۆلیسەکان بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناریان لە پۆلیسەکانی پارێزگا وەرگرتووە بۆ دابەشکردنی
زەوی بەسەریاندا لە کاتێکدا حکومەت ئەو زەویانەی بە بێ بەرامبەر داوەتە ئەو پۆلیسانە.
وتیشی، "ئەفسەر و پۆلیسەکان پاش تەواوکردنی
زیندانییەکەیان ناچار دەکرێن بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ پۆلیسەکان."
ئەمەش لە کاتێکدایە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی نەهێشتنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکارانی
بە هاوڵاتیان دا.