بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ٨٥ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
راستەوخۆ لەدوای
راگەیاندراوەکەی رێکخراوی ئۆپیک لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، نرخی نەوت
بەشێوەیکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئامانجی ئۆپیک پڵەسیش لەم بڕیارە هێشتنەوەی نرخی
نەوت بوو لە بەرزیدا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین کردەوە.
هاوکات ئەو نرخەی رۆژی
دووشەممە ٢٨ـی ١١ نرخی نەوت تۆماری کرد، نزمترین ئاستی ١٠ مانگی رابردووی بوو بە
گوێرەی خشتەی جیهانی بازاڕی نەوت.
لە سەرەتای دەستپێکی
هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و
کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی
١٤ ساڵ.
پێشتر پێشبینییەکان وابوون
کە لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن
و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات،
سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی
ئۆکرانیادا و ئەمەش کاریگەری بەرچاوی لەسەر نرخی نەوت هەبوو، بەڵام لە مەترسییەکانی
سەرهەڵدانەوەی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی چین و رێکارەکانی حکومەت لەو بارەیەوە و
بوونی دەنگی ناڕەزایەتی لەبارەی رێکارەکانەوە، بووە هۆی دابەزینی نرخەکەی.