سەردێڕ:

فەتوایەک لە تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە

PM:06:20:27/08/2021

30404 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆی دروستبوون و نەبوونی خواردنی بەشێک لە خواردنە دەریاییەکان لە تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاند، بابەتەکە نوێ نییە و هەڵوێستیان شتێکی نوێی تێدا نییە.


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکان "دیانەت" خواردنی گوێچکە ماسی و رۆبیان و قڕژاڵ و کەرکەندی بە نادروست داناوە و دەڵێت، ئەم خواردنە دەریاییانە خواردنیان حەڵاڵ نییە.

دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکان، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لە وروژاندنی فەتواکە و لە تویتێکدا رایگەیاند، هەڵوێستیان لە بارەی خواردنە دەریاییەکانەوە نوێ نییە.

دیانەت ئاماژەی بەوەشداوە، فەتواکەیان لە بارەی حەڵاڵ نەبوونی خواردنی ئەو خواردنە دەریاییانەوە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویان کردووەتەوە و فەتواکەش وەڵامی پرسیاری کەسێک بووە لەبارەی دروست بوون و نەبوونی خواردنی ئەو خواردنە دەریاییانەوە.

سەرۆکایەتی کاروباری ئاینەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێک لە خواردنە دەریاییەکان دروست نییە بخورێن و لە ئیسلامدا حەرامکراون، لە قورئاندا رێگە دراوە بە خواردنی خواردنە دەریاییەکان تەنها ئەوانەی لەناو ئاودا دەژین، بەڵام وشکاوەکییەکان، ئەوانەی لەناو ئاو و وشکانیشدا دەتوانن بژین خواردنیان رێگە پێدراونییە.

لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دیانەت باسی لەوەکردووە، بە گوێرەی مەزهەبی حەنەفی، کە تورکیا پەیڕەوی لەو مەزهەبە دەکەن، رۆبیان و گوێچکە ماسی و قڕژاڵ و کەرکەند خواردنیان رێگە پێدراو نییە، بەڵام لە مەزهەبی شافیعیدا، خواردنی بۆق و قرژاڵ و کیسەڵی ئاوی و ماری ئاوی رێگە پێدراو نین.

دەشڵێت، ئەو ئاژەڵە دەریاییانەی لە وشکانیشدا دەژین، کاتێک رێگە پێدراون بخورێن ئەگەر هاوشێوەی ئەو ئاژەڵانەبن کە لە وشکانیدا دەژین و دەخورێن.

کـ، ئـ













گەلەری