سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی سەدر بۆ هەڵبژاردنەکان ئاشکرادەکات

PM:05:06:27/08/2021

38524 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەدر بۆ ئێن ئاڕ تی چەند سەرکردەیەکی دیاری عێراق و هەرێم رێککەوتوون بۆ گەڕاندنەوەی سەدر بۆ هەڵبژاردنەکان و رێککەوتنێکی سێ خاڵیان واژۆکردووە.


ئەمڕۆ سەدر بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکات، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکان و حکومەتی داهاتووی عێراق دەکشێنەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەدریش بە ئێن ئاڕ تی وت، چەند سەرکردەیەکی عێراق و لە ناویاندا مەسعود بارزانی رێککەوتوون بۆ گەڕاندنەوەی سەدر.

سەرکردەکان بریتین لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی پێشکەوتنخواز محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی بزوتنەوەی حیکمەت عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی سەرکەوتن حەیدەر عەبادی و سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هادی عامری.

لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، "دیاریکردنی لایەنە ساسییە بەرپرسەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر گەلی عێراق هەڵبگرێت."

هەر بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان سەدر و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی عێراقی، "حکومەتی نوێی عێراقی لە وادەیەکی دیاریکراودا پێکبهێندرێت و تیایدا، لیژنەیەکی باڵا کە تەواوی دەسەڵاتێکی هەبێت و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کۆی دۆسییەکانی گەندەڵی لە حکومەتەکانی پێشوودا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە".

هاوکات لەیەکێکی دیکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا هاتووە، "لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەدا بکرێت کە کەمتەرخەمبوون لەرێگای رێکاری شەفاف و روونەوە و بۆ رای گشتیش ئاشکرابکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا رێگری بکرێت لەوەی هەر پارت و لایەنێکی سیاسی دەستێوەردان لە کەیسی هەرکەسێکدا بکەن کە دۆسییەی گەندەڵی لەسەر ساغ ببێتەوە".

 

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری پێشووتری خۆی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکی ئەمساڵدا راگەیاند و وتی، "لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی بەشداری لەهەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا دەکات".

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.













گەلەری