رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت سیستمی حکومڕانی ئێڕان بڕوخێنن بەڵام سەرکەوتوو نابن.
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشندانەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتە لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت سیستمی حکومڕانی ئێران بڕوخێنن. مەبەست لێی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێرانە.
دەشڵێت، رۆژئاوا دەبێت شەش وڵاتی دیکە بڕۆخێنێت تاوەکو دەگات بە ئێران. بێ ئەوەی ئاماژە بەو شەش وڵاتەبدات کامانەن کە
دەبێت رۆژئاوا پێش ئێران بیانڕوخێنێت.
باسی لەوەشکرد، دوژمنانی ئێران دەیانەوێت ئێران رێککەوتنێکی ئەتۆمی واژۆ
بکات کە رێگری تەواو لە چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئەو وڵاتە بکات.
وتیشی، کێشەی واشنتۆن و ئێران بە گفتووگۆ چارەسەر
نابێت.
عەلی خامنەیی ئەوەشی خستەڕوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەرەسەندندایە و چۆکدانادات
لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێت شۆڕشەکە بڕوخێنن و ئەوان قوربانیان داوە و چەندان شوێنکەوتووی
شۆڕش لەپێناو ئەو شۆڕشەدا گیانیانلەدەستداوە تاوەکو ئێرانییەکان لەدەست زوڵم و ستەم
رزگار بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی
"پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی
دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە،
دواتر رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
دوابەدوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و
شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان یزە ئەمنییەکان
و خۆپیشاندەران دروستبوو، بەجۆرێک بە گوێرەی کۆتا ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران
زیاتر لە ٣٨١ خۆپیشاندەر کوژراون کە لە نێویاندا منداڵ و ژن هەن و بەسەدانی دیکەش
دەستگیرکراون و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.