سەردێڕ:

موقتەدا سەدر لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەوە بڕیاریدا

PM:04:09:27/08/2021

8684 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی بەشداری هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق دەکەن.


لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری پێشووتری خۆی بۆ بەشدارینەکردن لەهەڵبژاردنەکی ئەمساڵدا رایگەیاند، "لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی بەشداری لەهەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا دەکات".

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک کەس گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە ناو هەڵبژاردن، بەڵام بە خەڵک دەڵێم کە پێکەوە هەموومان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەدر جەختی لەوەکردەوە، لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو لایەک بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن و وتیشی، "خودا لەپشت ئەوانەیە کە چاکسازی دەکەن و دژی گەندەڵی دەجەنگن".

تایبەت بە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکەدا، موقتەدا سەدر ئەوەی خستەڕوو، "دەبێت هەموو هاوڵاتییان بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن و دژی گەندەڵکاران دەنگ بدەن، خوداش پاڵپشتی گەندەڵکاران ناکات".

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.













گەلەری