بە وتنەوەی گۆرانی "مەهاباد، کوردستان چاو و ڕووناکی ئێران" خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانى دیکەى ئێران پێی نایە ڕۆژی ٧٠ هەمینی.
بەکارهێنانی هێز لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەراورد بە چوار دەیەی رابردوو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەڵام دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە نەیتوانیوە دەنگی ناڕازی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دابمرکێنێتەوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند، تەنها لە ماوەی
کەمتر لە ١٠ رۆژدا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە لایەنی کەمەوە ٤٢ کەس شەهیدبوون
و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس برینداربوون.
هەروەها میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، بە تۆمەتی زڕاندنی ناوبانگی ئێران
و سیستمی ئەو وڵاتە وریا غەفوری یاریزانی بەناوبانگی کوردی تۆپى پێی ئێران دەستگیرکرا
و پێشتریش بەهۆی لێدوانە سیاسییەکانییەوە رووبەڕووی فشاری حکومەتی ئێران بووەتەوە.
زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان وایکردووە حکومەتی ئێران زرێپۆش و
چەکی قورس بباتە ناو شارە کوردییەکان و لە بەرامبەردا خۆپیشاندەران بە دروستکردنی
بەربەستی بەردین رووبەڕووی هێزە ئێرانییەکان دەبنەوە و رێگە نادەن هەڵبکەوتنە سەر
ماڵەکان.
دانیشتوانی ناوچە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە شەودا
کارەبای ماڵەکان دەکوژێننەوە و تەقە لە ماڵەکان دەکەن و لە رێگەی بڵندگۆوە هەڕەشە
لە خۆپیشاندەران دەکەن.
هاوکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان
لەسەر داواى ٤٦ وڵات لەبارەى خۆپیشاندان و نارەزاییەکانى ئێرانەوە کۆبووەوە و ڤۆڵکەر
تورک، سەرۆکی ئەنجومەنەکەش هۆشداریدا بە دەسەڵاتدارانى ئێران و رایگەیاند، ئەو وڵاتە
لە قەیرانێکی تەواوەتی مافی مرۆڤدایە.
خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چووەتە
قۆناغێکی نوێوە و سەربارى زیادبوونى توندوتیژییەکانیش، بەڵام هاوڵاتیان سوورن لەسەر
بەردەوامیدان لەسەر داواکردنی مافەکانیان.