سەردێڕ:

سەدر بڕیاری نوێ دەدات.. ئێن ئاڕ تی وردەکارییەکەی ئاشکرادەکات

PM:01:49:27/08/2021

25296 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی نزیک لە موقتەدا سەدر بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، جموجوڵێک بە ئامانجی پاشگەزکردنەوەی موقتەدا سەدر لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە، دەشڵێت، "ئەمڕۆ کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ سەدر وتارێک پێشکەشدەکات."


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکی نزیک لە موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شاندێکی حکومی و حزبی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هادی عامری و نوێنەری مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان سەردانی موقتەدا سەدر لە ماڵەکەی خۆیدا دەکەن بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتە نوێیەکان.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەبوونی نوێنەری مەرجەعییەت لەناو شاندەکەدا کارێکە پێشتر رووی نەداوە و نوێنەرەکە نامەیەک دەگەیەنێتە موقتەدا سەدر بە ئامانجی پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا و قەبوڵکردنی مەرجەکانی.

بڕیارە لە رۆژی ١٠ی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە، هاوکات، رەوتی سەدریش تا ئێستا بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، جینین پلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و هەموو عێراقییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن تاوەکو هیوایەکی نوێ بهێننە ئاراوە."

پێشتریش، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتبووی، جگە لە چاودێرانی ناوخۆیی و هەرێمی، هەریەکە لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ٣٠٠ چاودێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەنێرنە عێراق.













گەلەری