سندوقی هاریکاریکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) بڵاویكردهوه، لە هەشت مانگی ساڵی ٢٠٢١دا لە عێراق ٣٥ منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمنییەکانی پاشماوەی جەنگ گیانیان لەدەستداوە و ٤١ منداڵی دیکەش برینداربوون.
شیما سان گوبتا نوێنەری یونیسێف لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایكرد، نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئابی ٢٠٢١، کوژرانی ٣٥ منداڵ و برینداربوونی ٤١ی دیکەی بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگەوە تۆمارکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا
ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەکە بەراود بە ساڵی ٢٠٢٠ رووی لە هەڵکشان کردووە بە جۆرێک لەو
ساڵەدا تەنها کوژرانی شەش منداڵ و برینداربوونی ١٢ی دیکە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی
جەنگ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە.
یونیسێف نیگەرانی
خۆی لە زیادبوونی کوژراو و بریندار بوونی منداڵان بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ
لە عێراق لە ماوەی مانگەکانی دواییدا نیشان داوە.
جێی ئاماژەیە، مین
و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان یەکێکن لە گەورەترین ئەو ئاستەنگانەی کە روبەڕوی حکومەتی
عێراق بووەتەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش بە
تایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی دیکە مین لە بەشێکی
زۆر لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێم کە مێژوەکەیان بۆ جەنگی کەنداوی یەک و جەنگی نێوان
عێراق و ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) دەگەڕێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی
روانگەی مینی زەمینی (Landmine Monitor)، عێراق یەکێک لە وڵاتانەیە کە لەسەر ئاستی
جیهان زۆرترین روبەڕی خاکی وڵاتهكهی بە مین و پاشماوەکانی جەنگ پیس کراوە.