سەردێڕ:

لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوەدا لە فەلەستین ٢١ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

PM:08:40:18/11/2022

3716 جار خوێندراوەتەوە

لەرووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە کۆمەڵگەی جبالیای ئاوارەکان لە کەرتی غەزەی فەلەستین ٢١ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ هەینی، دوای ئەوەی رووداوێکی ئاگرکەتنەوە لە کەمپی ئاوارەکانی جبالیا لە غەزەی فەلەستین کەوتەوە و بەهۆیەوە ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین کارەساتەکەی بە کارەساتێکی نیشتیمانی ناوبرد و پرسەی نیشتیمانی راگەیەند.

هەروەها، بەهۆی رووداوەکەوە ئاڵای وڵات لە ناوچەکانی رۆژئاوای وڵات و کەرتی غەزە تا ئاستی نیوە هێنراوەتە خوارەوە و ماتەمینی لەسەرتاسەری وڵاتدا راگەیەندراوە.

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی فەلەستین بەشداری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لانیکەم حەوت منداڵ لەنێو قوربانییەکاندا هەن، تیمەکانی بەرگری شارستانی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆئەوە دەگەڕێننەوە کە لەئەنجامی هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە بەنزین لەنێوماڵەکەداهەبووە.

ئاماژەبەوەشکراوە، هەڵگرتنی ئەو بڕە بەنزینە بەمەبەستی کارپێکردنی مۆلیدەی کارەبا بووە ئەوەش بەهۆی کەمی کارەبا لە ناوچەکەیاندا.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزانەکە بەهۆی ئاهەنگی دەرچوونی یەکێک لە کوڕەکانی ماڵەکەوە بووە و لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە سەرجەم ئەوانەی لە کۆبوونەوکەدا ئامادەبوون گیانیان لەدەستداوە و هیچ کەسێکیان رزگاری نەبووە.













گەلەری