سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی کابوڵەوە

PM:06:04:26/08/2021

10208 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە دەرگای سەرەکی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامیدا کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان روویداوە، لەکاتێکدا دوو کاتژمێر پێش ئەو رووداوە، بەریتانیا هۆشداری لەبارەی ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر فرۆکەخانەکە دابوو.


وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند، تەقینەوەکە خۆکوژی بووە و لە دەرگای سەرەکی فرۆکەخانەکە روویداوە، دەشڵێت، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا جۆ بایدنی لە وردەکاریەکانی تەقینەوەکەی ئاگادارکردووەتەوە.

میدیا جیهانییەکانیش لە زاری چاوگێک لە پنتاگۆنەوە باسیان لەوەکرد، بەهۆی تەقینەوەکەوە ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ سەربازی ئەمریکیش برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بڵاویکردەوەتەوە، دوو تەقینەوە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی حامید کارزای روویداوە و هیچ سەربازێکی تورکیا زیانی پێنەگەیشتووە.

بەپرسێکی تاڵیبانیش بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، زیاتر لە ١١ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی زۆر لە چەکدارانی بزوتنەوەکە برینداربوون.

 

دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەفغانستانی کرد و حکومەتی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهات، هەزاران هاوڵاتی ئەفغانیش بە مەبەستی جێهێشتنی وڵاتەکەیان و راکردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان، چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."













گەلەری