سەردێڕ:

فەرەنسا و بەریتانیا: خۆپیشاندانەکانی ئێران ئاشتیانە و رەوایە

PM:07:40:12/11/2022

2936 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا رایانگەیاند، خۆپیشاندانەکانی ئێران ئاشتیانە و رەوایە و ئیدانەی سەرکوتکردنیان دەکەن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە.


جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانەی کۆبوونەوەیەک لە پاریس رایانگەیاند، ئیدانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەکەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کە خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازی و رەوایە.

هاوکات ئەوەشیان خستەروو، ئیدانەی پێدانی فرۆکەی بێفرۆکەوان دەکەن لەلایەن ئێرانەوە بە روسیا، کە روسیا بۆ بوردومانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت.

ئاماژەیان بەوە شکرد، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی زیاتر و رێگەنادەن ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

هەروەها، جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، ئێران هەڕەشەی لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسان دروستکردووە.

دەشڵێت، باڵیۆزی ئێران لە لەندەن بانگهێشتکراوە بۆ پێدانی روونکردەوە بەوەی کە هەرگیز رێگە نادەن هەڕەشە لە ژیانی رۆژنامەنووسان یان هەرکەسێکی بەریتانی دیکەی بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو مانگی رابردوودا، کچە چالاکوانێکی تەمەن ٢٢ ساڵی کورد بەناوی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاکای ئێرانەوە بەتۆمەتی نەپۆشینی پۆشاکی ئیسلامی دەستگیرکرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە ژینا بەهۆکاری جەڵدەوە گیانی لەدەستداوە. خانەوادە و چالاکوانانی ئێرانیش دەڵێن، بەهۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە. دوابدەوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە نزیکەی ٣٠٤ کەس کوژراون. لەبەرامبەردا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە زنجیرەیەک سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند.













گەلەری