سەردێڕ:

نرخى زێڕ لە جیهان و هەرێم دابەزى

AM:10:54:26/08/2021

35628 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخى زێڕ لە جیهاندا بەراورد بە دوێنێ دابەزی، بەشێوەیەک یەک ئۆنسە زێڕ بە هەزار و ٧٨٧ دۆلار و یەک گرام زێڕیش بە ٥٧ دۆلار و ٤٥ سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.


بەو پێیەش نرخی زێڕ بەراورد بە دوێنێ گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆوە بینیوە و نرخەکەی لە جیهان و هەرێمدا دابەزیوە.

بۆ ئەمڕۆش نرخی زێڕ لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٢٠ هەزار دینارە.

نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٧٥ هەزار دینارە.

نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٤٢٦ هەزار دینارە.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردووش نرخی زێر لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەگەرچی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کەمێک لە نرخەکەی دابەزی.

لەلایەکی تریشەوە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نرخی دۆلار بە رێژەی ٠.١٪ بەهاکەی بەرزبووەوە، بەمەش بەڕێژەی ٠.٥٪ بەهای زێڕ لە جیهاندا دابەزی و یەک ئۆنسە زێڕ بە یەک هەزار و ٧٩٣ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، لەبەرامبەردا زێڕی ئەمریکیش بەڕێژەی ٠.٧٪ بەهاکەی لەدەستدا و یەک ئۆنسە بە هەزار و ٧٩٥ دۆلار و ٩٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە ئێستادا وەربەرهێنەران چاوەڕێی وتاری سەرۆکی ئەنجومەنی یەدەکی فیدڕاڵی ئەمریکی دەکەن کە بڕیارە لە ٢٧ی ئابدا لە کۆربەندی ئابوری ساڵانە پێشکەشی بکات لەبارەی خشتەی کاتی بۆ کشانەوەی پاڵشتی دارایی.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیو بە رێژەی ٠.٧٪ نرخەکەی دابەزی و بەمەش یەک ئۆنسە زیو بە ٢٣ دۆلار و ٦٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و مادەی پلاتینیش بەڕێژەی ١.٢٪ نرخەکەی دابەزی و یەک ئۆنسەی بە ٩٩٩دۆلار و ٦١ سەنت و پلادیۆمیش بە رێژەی ١.٧٪ نرخەکەی دابەزی و بە دوو هەزار و ٤٣١ دۆلار و ٨١ سەنت مامەڵەیان پێوەکرا.


بەهۆی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا "دەلتا" بووە هۆی جێگربوونی نرخی زێڕ و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخەکەی زیاتر دانەبزێت و کاریگەری بەرچاوی هەبوو لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی فشارخستنە سەر نرخی زێڕ و پشتیوانیکردنی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار.













گەلەری