دادگاى عێراق دەستگیرکردنى گروپێکى راگەیاند کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانى ساختەکاریى و گزیکردن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق .
ئەمرۆ پێنجشەممە، ئاژانسى هەواڵى عێراق راگەیەندراوێکى دادگاى عێراقیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە گروپێک دەستگیرکراون کە لە خۆئامادەکردندا بوون بۆ ئەنجامدانى ساختەکاریى و گزیکردن و گۆڕینى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق کە بڕیارە لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى دادگا گروپەکە
دەیانویست بەو کارانەیان پشێوى سیاسى لە وڵات دروست بکەن و هەروەها یاریى و
گۆڕانکاریى لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەدا بکەن.
هاوکات بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى دادگا
لە هەوڵى ئەوەدا بوون سوکایەتى بە کەسایەتییە سیاسیى و کۆمەڵایەتییە دیارەکانى
عێراق بکەن.
دادگا
لە راگەیەندراوەکەدا بەبێ ئەوەى ناوى بهێنێت ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لە
سیاسەتمەدارەکان لەگەڵ گروپەکە کۆبووەتەوە و پێشنیازى ئەوەى بۆ کردوون بۆ
ئەنجامدانى کارەکانیان چەند پەیج و ئەکاوەنتێکى ساختە دروست بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەندامانى گروپەکە دەستگیرکراوون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.