سەردێڕ:

سعودییە و ئێران لە بەغدا کۆدەبنەوە

PM:11:06:25/08/2021

3576 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی "لوتکەی بەغدا" بەڕێوەبچێت و تیایدا عێراق بانگهێشتی ئێران و ڕکابەرەکانی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کردووە و هەوڵى نزیککردنەوەى سعودیە و ئێران دەدرێت.


بەگوێرەی وتەی بەرپرسان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان و نزیککردنەوەی سعودیە و ئێران دەکرێت، سەرباری ئەمەش، تا ئێستا ئەو دوو وڵاتە هێشتا ڕایاننەگەیاندووە لەسەر چ ئاستێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

بەرپرسێکی نزیک لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، " تەنانەت ئەگەر هەر ئەوەندە وەزیرانی دەرەوەمان لەسەر یەک مێز کۆکردەوە ئەوا دەکرێت ئەوە بە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێرانیەکان و عەرەبەکانی کەنداو دابنرێت."

بەرپرسانی عێراق هیوادارن سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، هەروەها پێشبینی ئەوە دەکەن وەزیرانی وڵاتانی کەنداو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، لەوانەش سعودیە و ئیماڕات.

پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران لەمێژوودا بەرز و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لەساڵی ٢٠١٦ەشەوە هەردوولا لەسەر دۆخی یەمەن پەیوەندییەکانیان چووە قۆناغێکی دیکەوە و تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، بەڵام لە مانگی چواری ڕابردوودا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە عێراق ئەنجامدا.

بەرپرسێکی نزیک لە کازمی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەمساڵدا کۆبوونەوەی تایبەتی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سعودیەدا ڕێکخستووە وتی "ئاماژەی ئەرێنیان "لە ئێران و وڵاتانی کەنداوەوە پێگەیشتووە کە پێدەچێت ئامادە بن بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی زیاتر".

هاوکات، یەکێک لە سەرچاوەکانی ئێران کە بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەیە وتی "هەمیشە پێشوازیمان لە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردووە لەوانەش سعودیە، ئەوەش ئەرکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ڕەئیسییە، گومانم هەیە ئەوە هەفتەی داهاتوو لە عێڕاق ڕووبدات".













گەلەری