سەردێڕ:

ئەم وڵاتە هۆشداری توندی دایە ئێران

PM:08:06:05/11/2022

58532 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا راگەیاند، هەموو رێکارێکی توند بەکاردەهێنن بۆ رێگریکردن لە ئێران تاوەکو هاوکاری سەربازی بۆ روسیا رابگرێت و ئەم جووڵانەی ئێران دەرئەنجامی قورسی دەبێت.


ئەمڕۆ شەممە، ئۆلیگ نیکۆلینکۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە روونی دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتووە پێش چەند مانگێک لە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

دەشڵێت، ئێران هاوکاری سەربازی ئەو وڵاتەی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئۆکرانیا تەنها لەسەر متمانە و خستنەڕووی راستییەکان کاردەکات، بۆیە بە سەرکردایەتی دیمیرۆ کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی زانیاری ئۆکرانیا، بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی رێکاری توند بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی چەکی ئێرانی لەلایەن روسیا.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ئێران درک بەوە بکات کە کاروبارە هاوبەشکانی لەگەڵ روسیا دژ بە ئۆکرانیا دەرئەنجامی قورسی دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجار حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیاداوە.

وتیشی، پێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەر لەدەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بووە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر زاری ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران نکۆڵی کرد لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی لەلایەن روسیاوە و ئەنجامدانی هێرش لەڕێگەیانەوە بۆسەر ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هەواڵانە بەمەبەستی سیاسی بڵاو دەکرێنەوە و دەستی رۆژئاوای لەپشتە، چونکە چەکیان بە هیچکام لە روسیا و ئۆکرانیا نەداوە.













گەلەری