سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار ئێران دانی بەوەدانا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ روسیا دابینکردووە

PM:04:31:05/11/2022

4028 جار خوێندراوەتەوە

بۆیەکەمجار وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بەوەدانا کە وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ روسیا دابینکردووە و وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەی ئاشکرا کرد.


حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیاداوە.

وتیشی، پێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەر لەدەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بووە. ئەوەش لەکاتێکدایە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە بۆردومانەکانی شاری کیێڤدا بەکارهێنراون.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "پێش چەند مانگێک لە دەستپێکی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بە روسیا داوە".

وتیشی، ئێران ئاگاداری ئەوە نەبووە کە روسیا ئەو فڕۆکانە لە جەنگەکەدا دژ بە ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت و ئێران پابەندە بە کۆتایی پێهێنانی ململانێکانەوە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئۆکرانیا هەربەڵگەیەکی هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن روسیاوە لە ئۆکرانیا ئەوا بابیخەنەڕوو، ئەگەر بۆیاندەرکەوت کە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە ئەوا لەم بابەتە بێباک نابین.

ئەمەلەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر زاری ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران نکۆڵی کرد لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی لەلایەن روسیاوە و ئەنجامدانی هێرش لەڕێگەیانەوە بۆسەر ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هەواڵانە بەمەبەستی سیاسی بڵاو دەکرێنەوە و دەستی رۆژئاوای لەپشتە، چونکە چەکیان بە هیچکام لە روسیا و ئۆکرانیا نەداوە.













گەلەری