سەردێڕ:

تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بکوژێکی بێدەنگ دەدات

PM:03:30:25/08/2021

3324 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، نزیکەی یەك ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بە هۆی فشاری بەرزی خوێنەوە دەناڵێنن و بەبکوژێکی بێدەنگ ناوزەندیکرد کە مەترسیەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلە زیاتر دەکات.


تەندروستی جیهانی و زانکۆی ئیمپڕیال کۆلێج لەلەندەن توێژینەوەیەکی هاوبەشیان لەبارەی فشاری خوێنەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرزەفشاری خوێن دەکرێت بە ئاسانی دیاریبکرێت پەستانی خوێن و بەتێچوویەکی کەمیش چارەسەردەکرێت.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، نیوەی خەڵکی هیچ شتێک لە دۆخی تەندروستی خۆیان نازانن و هاوکات چارەسەری پێویستیشیان لەبەردەستدا نییە بەهۆی کەمدەرامەتیانەوە.

توێژینەوەی باسی لەوەکردووە، رێژەی توشبوون بە بەرزەفشاری خوێن لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بەرێژەیەکی کەم گۆڕاوە و بارگرانی زیادبوونی حاڵەتەکان گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی کەمدەرامەت، وڵاتانی دەوڵەمەند تاڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵیان کردووە.

جەختیشی لەوەکردووەتەوە، نەخۆشیەکە بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەندی بە هەژارییەوە هەیە و بەدووریشە لەو کەسانەی کە خۆشگوزەرانن.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەشێکی زۆری باشوری سەحارای ئەفریقا و باشوری ئاسیا، بەشێکی وڵاتانی دوورگەی زەریای ئارام چارەسەری پێویستی بەرزەفشاری خوێن وەرناگرن.

بەپێی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ١٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنەوە گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە یەک لەسەر سێ مردنەکان و بەرزەفشاری خوێن بەهۆکاری سەرەکی مردن دادەنرێت.













گەلەری