سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاری دانیشتنی یەکلاکەرەوەی پرسی ھەڵبژاردنەکان ئاشکرادەکات

PM:02:18:25/08/2021

6112 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار لەدانیشتنی نێوان ھێزە سیاسیەکان، بەئێن ئاڕتی راگەیاند:" ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت و سەدر بەڵێنی لە بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان وەرگرتووە، کاغەزێکی چاکسازی پێشکەش بکرێت".


چاوگێکی ئاگادار لەدانیشتنی نێوان ھێزە سیاسیەکان، بەئێن ئاڕتی راگەیاند:" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ھێزە سیاسییەکان لە بەغدا بەمەبەستی چارەسەری قەیرانەکانە و ڕازیکردنی ڕەوتی سەدرە، بۆ پەشیمان بوونەوە لە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن".
 بەپێی زانیاریەکان رەوتی سەدر تائێستا بڕیارینەداوە بەشداری لەو کۆبونەوەدا بکات و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبونەوەکان دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، کاغەزی چاکسازی کە لەلایەن کوتلە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەڕەوتی سەدر پێشکەش کراوە چەند گرەنتیەک دراوە بەموقتەدا سەدر بۆ ئەوەی بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکات. 
بەپێی زانیاریەکانی ئێن ئاڕ تی، کاغەزی چاکسازی پرسی داماڵینی چەک و نەھێشتنی گەندەڵی و دەرچوونی ھێزە دەرەکیەکان و پشتگیریکردنی رەوتی سەدر لەکاتی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران دەگرێتەخۆی. 
باسی لەوەشکردووە، کاغەزەکە لەلایەن زۆرینەی فڕاکسیۆنە کوردییەکان و سەرجەم کوتلە سیاسییە عێراقیەکانەوە پەسەندکراوە، جگە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات و فراکسیۆنی سادقون، بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی.
راشیگەیاند، ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی پێشوازی لە نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی یاسا کرد و  تیایدا دۆخی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و ئاڵەنگاریەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ کران. 
ھەر لەو دیدارەدا، تیشک خرایەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە ھەڵبژاردن ببێتە ھۆی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە ھەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت و گەرەنتی ئەوەش ھەبێت کە ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دادپەروەرانە لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە دەسکاری بەڕێوەبچێت و ھەروەھا ھەموو لایەکیش ڕێز لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ئیرادەی گەل بگرن. 













گەلەری